نەوت 73 دۆلاری تێپەڕاندەوە

بۆ سێیەم هەفتە لەسەریەک، نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەكان بە ئاماژەی سەوز دەستدەكات بە مامەڵە، هۆکارەکەشی بۆ پێشبینییەکان بۆ زیادبوونی خواست لەسەر وزە، بەردەوامیی پلانەكانی ئۆپیك پڵەس لەبارەی سنوورداركردنی بەرهەمهێنان و هەروەها زیادبوون و بەردەوامیی کوتان دژی کۆرۆنا و هەڵگرتنی ڕێکارەکان دەگەڕێتەوە.

لە ئێستادا جموجوڵەکانی هاتوچۆ لە جیهاندا بەڕادەیەک زیادبووە، کە زیاترە لە پێش سەرهەڵدانی کۆرۆنا، هەروەها جموجوڵی فڕۆکە و گەشتە ئاسمانییەکان زیادیانکردووە، ئەمانەش هۆکاری زیاتر بەکاربردنی وزە و بەرزبوونەوەی ئاستی خواستن لەسەری.

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت ئەمڕۆ دووشەممە بەبڕی 33 سەنت و ڕێژەی %0.5 بەرزبووە و گەیشتە سەروو 73 دۆلار، چەند ڕۆژی ڕابردووش بۆ ماوەیەكی كەم ئەو نرخەی تۆماركردبوو، كە بەرزترین ئاستە لە مانگی ئایاری 2019وە تۆماریکردبێت.

نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساسیش بەبڕی زیاتر لە 30 سەنت و ڕێژەی %0.4 بەرزبووەوە و گەیشتە 71.22 دۆلار، لەکاتێکدا پێشتر نرخەکەی گەیشتبووە 71.32 دۆلار، ئەوەش بەرزترین نرخبوو لە مانگی ئەیلولی 2018وە تۆماریکردبێت.

ئاژانسی وزەی نێودەوڵەتی لە ڕاپۆرتی مانگانەیدا دەڵێت، لەگەڵ زیاتربوونی خواست لەسەر نەوت، وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت لە ئۆپیک پڵەس پێویستە جارێکی دیکە ئاستی بەرهەمهێنان بەرزبکەنەوە، لەكاتێكدا هێشتا ئەو وڵاتانە بەپێی پلانی سنوورداركردنی بەرهەمهێنان كاردەكەن و هێشتا نەچوونەتەوە سەر ئەوپەڕی بەرهەمهێنان.

بابەتی پێشتر

شەڕی وەزارەتی ئیتڵاعات و ئەحمەدی نەژاد بەردەوامە.. نەژاد چارەسەری دەروونی وەربگرێت

بابەتی دواتر

کۆڵۆمبیا 1-0 ئیکوادۆر

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share