ئەمشەو کۆپا ئەمریکا دەستپێدەکات و چوار ڕیکۆرد ئەگەری شکاندنیان هەیە

ئەمشەو، کاتژمێر (12:00) بەکاتی هەرێمی کوردستان، کۆپا ئەمریکای 2021 لە وڵاتی بەرازیل بە ڕوبەڕوبوونەوەی نێوان بەرازیل و ڤەنزوێلا دەستپێبکات.

چاوەڕوان دەکرێت لەم وەشانە نوێیەی پاڵەوانێتییە ناودارەکە، چوار ڕیکۆردی گەورە تۆماربکرێت، کە پێکهاتوون لەمانەی خوارەوە:

ئەرجەنتین، ئورۆگوای دەگەرێتەوە؟

ئەرجەنتین بە درێژایی مێژووی 14 ناسناوی کۆپای بەدەستهێناوە، لە بەرامبەردا هەڵبژاردەی ئورۆگوای خاوەن زۆرترین ناسناوە کە 15 جامە، بە بردنەوەی وەشانی 2021 لەلایەن ئەرجەنتینییەکانەوە، لەگەڵ سیلسیتی ئورۆگوای هاوتادەبنەوە.

خراپترین بەرگری

هەڵبژاردەی ئیکوادۆر خراپترین هەڵبژاردەی کۆپا ئەمریکایە لە ڕووی بەرگرییەوە، بە درێژایی مێژوو لەم جامەدا 318 گۆڵی لەسەر تۆمارکراوە، بەدوایدا هەڵبژاردەی چیلی دێت کە 311 گۆڵی لەسەر تۆمارکراوە.

هەردوو هەڵبژاردەکە هەوڵدەدەن لە ڕووی بەرگرییەوە باش دەربکەون، تاوەکو لەم داتا ڕەشە ڕزگاریان ببێت، لە کاتێکدا هەڵبژاردەی پاراگوای لە پلەی سێیەمدایە و 297 گۆڵی لەسەر تۆمارکراوە.

گۆڵکاری کۆپا

کلاودیۆ گێرێرۆ، ئەستێرەی هەڵبژاردەی پیرو و یانەی ئینتەرناسیونالی بەرازیلی هەوڵدەدات ببێتە گۆڵکاری مێژوویی کۆپا، واتا ئەو یاریزانەی کە لە جامەکەدا زۆرترین گۆڵی تۆمارکردووە.

هەریەک لە نۆربێرتۆ مێندێز (ئەرجەنتین)، زیزینهۆ (بەرازیل) توانیویانە 17 گۆڵ تۆماربکەن، لە بەرامبەردا گێرێرۆ خاوەنی 14 گۆڵە، بە تۆمارکردنی چوار گۆڵی دیکە دەبێتە گۆڵکاری مێژوویی کۆپا.

گێرێرۆ تەمەنی 37 ساڵە و کۆتا دەرفەتە بۆ تۆمارکردنی ئەو ڕیکۆردە.

سڕبوونی تانگۆ

ئەگەر هەڵبژاردەی ئەرجەنتین لە بەدەستهێنانی ناسناوی کۆپا ئەمریکا شکستبهێنێت، دەبێتە ئەو هەڵبژاردەیەی 28 ساڵ لەسەریەک لە بەدەستهێنانی جامەکە شکستیهێناوە، کە ئەوەش دوورودرێژترین ماوەیە بۆ نەزۆکیی ئەرجەنتینییەکان لە كۆپا ئەمریكا، بەوپێیەی ئەستێرەکانی ئالبی سیلیستی لە 1993وە جامەکەیان بەرزنەکردووەتەوە.

بابەتی پێشتر

لە شەش مانگی ڕابردوو شەش كۆڵبەر لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە تەقەی هێزە ئەمنییەكان كوژراون

بابەتی دواتر

وەزارەتی ڕۆشنبیری گۆرانیبێژێک بە سوکایەتی بە پێکهاتەکانی هەرێم تۆمەتبار دەکات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share