لە ئەڵمانیا و هەولێرەوە ڕێگری لە گەیشتنی شاندێكی هەڵگری پەیامی ئاشتی دەكرێت

فڕۆكەخانەی هەولێر و فڕۆكەخانەی دۆسڵدۆرف لە ئەڵمانیا

شاندێك، كە بەمەبەستی گەیاندنی پەیامی ئاشتی و دژی شەڕ، دەیویست بگاتە هەولێر، لە فڕۆكەخانە لەلایەن پۆلیسی ئەڵمانیاوە ڕێگریی لێدەكرێت، قسەی جیاواز لەسەر ئەوە دەكرێت ئەندامێكی شاندەكە لە فڕۆكەخانەی هەولێر دەستگیركرابێت.

ئەو شاندەی لە ئەڵمانیاوە بەنیازی گەشت بوون بۆ هەولێر، لە 27 كەس پێكهاتبوو، لە فڕۆكەخانەی دۆسلدۆرف لەلایەن هێزەكانی پۆلیسی ئەڵمانیاوە ڕێگرییان لێكرا.

ئاژانسی هەواڵی فورات نیوز – ANF بڵاویكردەوە، پۆلیسی ئەڵمانیا جگە لە ڕێگریکردن لە شاندی ئاشتی، هەر 27 ئەندامی شاندەكەی دەستگیرکردووە و دەستیکردووە بە لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا.

دەشڵێت، بڕیاربوو شاندەكە پەیامی پشتیوانی بۆ گەلی کورد دووبارەبکەنەوە و بۆ ئەوەش پەیوەندییەکی زۆریان دروستکردبوو و هەوڵێکی زۆریان دابوو.

هاکان تاش ئەندامێكی شاندی ئاشتییە و پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیایە، ئەویش دەستگیركراوە، بەڵام لەبارەی شوێنی دەستگیركردنەكەیەوە قسەی جیاواز دەكرێت.

بەپێی هەواڵەكەی ئاژانسی هەواڵی فورات نیوز، هاکان تاش لە فرۆكەخانەی دۆسلدۆرف دەستگیركراوە، بەڵام ئاژانسی هەواڵی ڕۆژ نیوز لێدوانی لە ئەندامانی دیكەی شاندەكە وەرگرتووە، ڕایانگەیاندووە، هاکان تاش پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا لە فرۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر دەستگیركراوە، نەك ئەڵمانیا.

“دوای دەستگیرکردنی لە فڕۆکەخانەی هەولێر، هاکان تاش ڕەوانەی ئەو وڵاتە کراوەتەوە” وەك ئەوەی ئاژانسەكە باسیدەكات.

دەشڵێت، بەهۆی ئەوەی گەڕاندویانەتەوە بۆ ئەڵمانیا، بەڕێوبەری فڕۆکەخانەی هەولێر بە میدیاکانی وتووە، “هیچ کەسێک لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەستگیرنەکراوە”.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی ئەوقافی هەرێم ئاگادارکرایەوە لە بەڕێوەنەچوونی حەجی ئەمساڵ

بابەتی دواتر

بەردەوامیی ناردنی وزەی ئێران بۆ عێراق ڕوویەکی سیاسیی هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share