ئاسایشی ڕاپەڕین ڕایگەیاند، سێ تۆمەتباریان دەستگیركردووە، كە هەستاون بە دزینی قاسەی مزگەوتێك لە ناحیەی چوارقوڕنە.
لە ڕاگەیەندراوێكدا ئاسایشی ڕاپەڕین ئاماژەی بەوەكردووە، دوای وەرگرتنی زانیاریی دروست و وەرگرتنی ڕەزامەندیی دادوەر، هێزەكانیان لە چوارقوڕنە سێ گەنجیان دەستگیركرد، كە تۆمەتباربوون بە دزیكردن لە قاسەی (مزگەوتی شافعی).
ڕونیشیكردووەتەوە، “دوای دەستگیركردنیان، دانیان ناوە بە تاوانەكەیاندا و قاسەی مزگەوتەكەیان شكاندووە و پارەی خێرخوازانیان دزیوە”.
ئاسایشی ڕاپەڕین باسیلەوەشكردووە، “بە فەرمانی دادوەر تۆمەتبارەكان بەپێی ماددەی 444 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراون و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوتەوە و لێكۆڵینەوەش لەگەڵیاندا بەردەوامە”.