بافڵ تاڵەبانی بۆ مارلویس ساکۆ: پارێزگاریكردن لە پێكەوەژیان بە ئەرکی خۆمان دەزانین

بافڵ تاڵەبانی پارێزگاریكردن لە پێكەوەژیانی نەتەوە و پێكهاتە ئاینییەكان دووپاتدەكاتەوە، بە کۆڵەکەی دیموکراسی و پێکەوەیی وەسفیدەكات، داكۆكیكردن لە مافی مەسیحییەكانیش بە ئەركی یەكێتی دەزانێت.

ئەم دووپاتكردنەوانەی بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لە بەغداد و لەمیانی كۆبوونەوەیدا بوو لەگەڵ کاردیناڵ مارلویس ساکۆ سه‌رۆكی كه‌نیسه‌ی كلدانی له‌ عێراق و جیهان.

هاوسەرۆكی یەكێتی ئاماژەی بە ڕۆڵی مەسیحییەکان لە عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد، کە بەدرێژایی مێژوو ڕۆڵێکی گرنگیان بینیوە لە بونیادنانی ئاشتەوایی و قوڵکردنەوەی گیانی پێکەوەژیان لە ناوچەکە.

دووپاتیكردەوە، یەکێتی باوەڕی تەواوی بە پێکەوەژیانی ھەموو نەتەوە، پێکھاتە و ئاین و ئاینزاکان ھەبووە و پارێزگاریش لەو تایبەتمەندییە دەكات، کە یەکێکە لە کۆڵەکەکانی دیموکراسی و گیانی پێکەوەیی لەھەرێم، وتی، “پارێزگاریكردن لێی بە ئەرکی خۆمان دەزانین، داکۆکیکارێکی سەرسەختیش دەبین بۆ پاراستنی ماف و داخوازییەکانی مەسیحییەکانی ھەرێم و عێراق، کە پێکھاتەیەکی ڕەسەن و دانەبڕاوی ئەم گەلەن”.

لەبەرامبەردا کاردیناڵ مارلویس ساکۆ ئاماژەی بە هەوڵەکانی سەرۆک مام جەلال کرد، کە لە ڕابردوودا چەتری کۆکەرەوەی هەموو پێكهاتە و لایەنەکان بووە و زیندووکەرەوەی گیانی تەبایی و یەکترقبوڵکردن بووە.

سه‌رۆكی كه‌نیسه‌ی كلدانی له‌ عێراق و جیهان ڕاشیگەیاند، “ئومێدی تەواومان بە سەرکردایەتیی نوێی یەکێتی هەیە، کە بتوانێت بە هەمان ڕۆحییەتی مام جەلال کاربکات و درێژە بەو ڕێبازە بدات”.

بابەتی پێشتر

ڕۆلاند گارۆس.. نادال و دیۆکۆڤیچ، نیوەی کۆتایی یەکلاکەرەوەی ناسناوەکە دەكەن

بابەتی دواتر

پارەی مزگەوتیان دزیوە.. ئاسایشی ڕاپەرین سێ تۆمەتباری دەستگیركرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
154
Share