گواردیۆلا خواستی لەسەر دوو یاریزانە نرخیان دەگایە (250) ملیۆن پاوەند

یانەی مانچستەر سیتی هەوڵەکانی بە ئاڕاستەی دوو یاریزان دەستپێکردووە، تێچووی گواستنەوەیان (250) ملیۆن پاوەندە.

ڕۆژنامەی دەیلی میرەری بەریتانی ئاشکرایکردووە، لەسەر خواستی پێپ گواردیۆلای ڕاهێنەر، ئیدارەی مان سیتی هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی هەریەک لە هاری کەینی هێرشبەری یانەی تۆتنهام و جاک گریلیشی ئەستێرەی هێڵی ناوەندی یانەی ئەستۆن ڤێلا دەستپێکردووە.

خەلدون موبارەک-ی سەرۆکی سیتیزنس ئۆفەری سەرەتایی بۆ گواستنەوەی کەین پێشکەشی تۆتنهام کردووە، کە بریتی بووە لە بڕێک پارە و گابریێل جیسوز یاخود ڕەحیم ستێرلینگ، بەڵام دانیێل لیڤی سەرۆکی یانە زەبەلاحەکەی لەندەن ئەو ئۆفەرەی ڕەتکردووەتەوە و داوای بڕی (150) ملیۆن پاوەندی بەشێوەی کاش کردووە.

لەلایەکی دیکەوە بەڕێوەبەرانی سیتی هەوڵیان بۆ جاک گریلیشی ئەستێرەی ڤێلانس دەستپێکردووە، کە نرخی ئەم یاریزانەش لەلایەن یانەکەیەوە بە (100) ملیۆن پاوەند خەمڵێنراوە.

سەرچاوەکانی هەواڵ پێیانوایە گواردیۆلا کۆڵ لە داواکارییەکانی نادات و وەک بنەمایەک بۆ چنینەوەی ناسناوە ئەوروپییەکان، بەتایبەت چامپیۆنزلیگ ئەژماریاندەکات، بەڵام ئیدارە ئیماراتییەكەی سیتی دەیانەوێت بە کەمتر لەو نرخە، یاخود بە شێوازی ئاڵوگۆڕ هەردوو یاریزانەکە دابینبکەن.

بابەتی پێشتر

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ژنێک بووە سەرۆکی تۆپی پێی ئینگلتەرا

بابەتی دواتر

ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی تاوتوێی کشانەوە لە ئۆڵۆمپیاد دەکەن

بابەتی پەیوەندیدار