دوای ئەوەی دوێنێ بە سەردانێك گەیشتە بەغداد، ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حكومی و حزبی ئەنجامدا.
بافڵ تاڵەبانی و مستەفا کازمی پرسی میکانزمی ناردنی شایستە داراییەکانی هەرێمیان تاوتووێکرد
ئێوارەی ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە درێژەی دیدارەکانیدا لە بەغداد، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆبوویەوە و پرسی دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم بە پابەندبوون بە یاسای بودجە و دابینکردنی مووچەی ھەرێم، تاوتووێکرا.
لەدیدارێکدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئامادەیبوون جەخت لە پابەندبوون بەبنەما دەستوورییەکان کرایەوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان و دۆزینەوەی میکانیزمێکی گونجاو بۆ ناردنی شایستە داراییەکانی ھەرێم بە پابەندبوون بە یاسای بودجە و دابینکردنی مووچەی ھەرێم.
بافڵ تاڵەبانی بەھێزکردنی پەیوەندی و ھاریکاری دامەزراوەکانی حکومەتی فیدڕاڵی و ھەرێمی دووپاتکردەوە لەپێناو سەرخستنی ھەنگاوەکانی خزمەتکردن و چاکسازی ریشەیی لە جومگەکانی بەڕێوەبردن. داواشی لە سەرۆکوەزیران کرد شایستە داراییەکانی ھەرێم، قوتی خەڵک و فەرمانبەرانی ھەرێم نەبەسترێتەوە بە کێشە سیاسییەکان و رێککەوتنی ھەرێم و عێراق بکرێتە مەرجەع بۆ یەکلاکردنەوەی ھەموو کێشەکان.
لەدرێژەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی جەختی لە کۆدەنگی هێز و لایەنەکان کردەوە لەپێناو دەستەبەرکردنی ژیانێکی شایستە و خۆشگوزەران بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق كە ماندووی قەیرانە یەک لەدوای یەکەکانن و ئەرکی هەموومانە لەوپێناوەدا هەوڵبدەین.
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و نوری مالیکی
ئێوارەی ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ نوری مالکی، سەرۆکی دەوڵەتی یاسا کۆبوووە.
لەکۆبوونەوەکەدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتیی یەکێتی ئامادەیبوون گفتوگۆی ھەمەلایەنە لەسەر دۆخی گشتی و پرسە سیاسی، ئابووری، ئەمنییەکان کرا و کێشەکانی ھەرێم و عێراق و بونیادنانی زەمینەیەکی لەبار بۆ گفتوگۆی بونیادنەرانەی نیشتمانی و زاڵبوون بەسەر کێشە و ناکۆکییەکان تاوتوێکران.
بافڵ تاڵەبانی خواستی یەکێتی تەئکیدکردەوە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی بوونەتە بەربەست لەبەردەم تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و قەیرانەکان و روونیکردەوە، یەکێتی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی ھاوبەش و مێژوویی دەمانەوێت وەحدەیەکی نیشتمانی بونیادبنێن و بە بەشداری ھەموولایەک ھەوڵبدەین بەسەر گرفتەکان زاڵبین و چارەسەری کێشەکان بکەین و پەنا بۆ دیالۆگی نیشتمانی ببەین.
ھاوسەرۆک بونيادنانی پەيوەنديەکی بەهێز و پتەوی لە نێوان هەرێم و بەغدا بەفاکتەری پێشخستنی ھەرێم و عێراق لەقەڵەمدا و ئاماژەی بە بووژاندنەوەی پێکەوەژیان و یەکترقبووڵکردن و کۆتایھێنان بەدەمارگیری مەزھەبی، نەتەوەیی و ئایینی کرد و بۆئەوەش پڕۆژەی ئاشتەوایی نیشتمانیی بەزەروور لەقەڵەمدا. داواشیکرد دەستوور چەتری کۆکەرەوەی ھەمووان بێت و چیتر رێگەنەدرێت بەرژەوەندی خەڵک و پرسە نەتەوەییەکان تێکەڵ بە ململانێ سیاسییەکان بکرێت.
ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و عەمار حەکیم
ئێوارەی ئەمڕۆ بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لەگەڵ عەمار حەکیم سهرۆكی رهوتی حیكمهی نیشتمانی کۆبووەوە.
لەدیدارێکدا کە ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی ئامادەبوون، دوایین گۆڕانکاری و پێشھاتە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان تاوتوێکرا و جەخت لە پتەوکردنی پەیوەندییەکان و چارەسەرکردنی سیاسییانەی کێشەکان کرایەوە لەپێناو ئارامی و ئاشتی لەناوچەکە.
بافڵ تاڵەبانی پەرۆشی یەکێتی دووپاتکردوە بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی گرفت و کێشەکان لەسەر بنەمای دەستوور و ئاماژەی بە دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی کرد لەسەر ئاستی ھەرێم و عێراق بۆ رووبەڕووبوونەوەی تەحەددییەکان و رایگەیاند، کاتی ئەوە ھاتووە پێکەوە ھەموو ھێزە شۆڕشگێڕەکان لەسەر بنەمای متمانە و بەرژەوەندوی گشتی لاپەڕەیەکی نوێ ھەڵدەینەوە و پەیوەندییەکی دۆستانە بونیادبنین و وڵات بەرەو دۆخێکی باشتر ببەین، چونکە لەم دۆخە پڕلەکێشمەکێش و مەترسییەدا تەنھا گفتوگۆ و زمانی ھاوبەش دەمانگەیەنێتە کەناری ئارامی.
ھەر لەدیدارەکەدا ھەردوولا تەئکیدیانکردەوە لەپەرەپێدانی پەیوەندییە لەمێژینەکانی نێوانیان و کارکردنی پێکەوەیی لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵانی خەڵک و سەقامگیری زیاتر لەناوچەکە.
بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە یەكەم كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق لە كۆشكی سەلام ئەنجامدا.
پەیامنێرمان لە بەغداد پێی ڕاگەیاندین، بڕیارە لە دیدارەكەی نێوان بافڵ تاڵەبانی و بەرهەم ساڵح دۆخی عێراق و هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغداد و لەنێویشیاندا جێبەجێكردنی یاسای بودجە و پرسی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم تاوتوێبكرێن.
پێشوازی سەرۆك كۆمار لە هاوسەرۆكی یەكێتی
بەرھەم ساڵح سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ لە کۆشکی سەلام لە بەغداد پێشوازیکرد لە بافڵ تاڵەبانی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و سەبارەت بە دۆخی گشتی عێراق و ھەرێمی کوردستان و گوزەرانی خەڵک گفتوگۆکرا.
بەپێی ڕاگەیەنراوێكی نوسینگەی سەرۆك كۆمار، لە دیدارەکەدا جەختکرایەوە لە بەھێزکردنی گفتوگۆ و دیالۆگ و چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکانی نێوان ھەردوو حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێمی کوردستان بە گوێرەی دەستوور و یاسا و پاراستنی مافی ھاوڵاتیان و موچەخۆران و ھێنانەکایەی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و باشکردنی ژیان و گوزەرانی خەڵک بێ جیاوازی.
لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا دوپاتکرایەوە لە گرنگی پتەوکردنی ھاریکاری و ھەماھەنگی نێوان دەزگاکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی ھەرێم بۆ گەیشتن بە ڕێگاچارەی گونجاو لەپێناو بەرژەوەندی گشتیی وڵات و بەھێزکردنی ئاسایش و ئارامی و ھێنانەدی داواکارییە رەواکانی خەڵک، وەك ئەوەی لە ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە.
ئاماژەشدەدات، بەگرنگییەوە باس لە بەھێزکردنی دیالۆگی جددی نێوان ھێز و لایەنە سیاسییەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستان کرا لە پێناو چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکان، بەتایبەتی کێشەکانی خەڵک.
پرسی هەڵبژاردنەكانی ئایندەی عێراق كە بڕیارە لە 10ی تشرینی یەكەمی داهاتوو ئەنجامبدرێت، یەكێكی دیكەی پرسە گەرمەكان دەبێت كە بافڵ تاڵەبانی و شاندی یەكێتی لە بەغداد لەگەڵ لایەنە سیاسییە كاریگەرەكانی عێراق تاوتوێیان کردووە.
دوابەدوای كۆتایی هاتنی دیدارەكەی نێوان هاوسەرۆكی یەكێتی و سەرۆك كۆماری عێراق، بافڵ تاڵەبانی و شاندی یەكێتی دیداری دووەمیان لەگەڵ عەمار حەكیم و شاندی ڕەوتی حیكمە دەستپێكرد.
سێیەم دیداری هاوسەرۆكی یەكێتی و شاندی یاوەری لە بەغداد لەگەڵ نوری مالیكی و شاندی حزبی دەعوەی ئیسلامیدا بوو پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ بەڕێوەچوو.
دوابەدوای دیدارەكە ئاڵا تاڵەبانی، ئەندامی شاندی یەكێتی لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان ڕایگەیاند، سەردانەكان زۆر گرنگە، چونكە دۆخی سیاسی و ئەمنی زۆر پێویست دەكات لایەنە سیاسییە كوردییەكان بەردەوام لەگەڵ لایەنەكانی دیكە لە گفتوگۆدا بن.
وتیشی، “گفتوگۆكانمان زۆر جدییە و زۆر باشە، ئەمڕۆ پەیامی یەكێتیمان پێیە، كە یەك دەنگ و یەك هەڵوێست لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی دیكەی كوردستان ئەڕوانینە عێراقێكی بەهێزتر و باشتر بۆ ئێستا و دوای هەڵبژاردن”.
لای خۆیەوە نوری مالیكی لە لێدوانێكدا بۆ میدیاكان وتی، باسمان لە یەكخستنی ڕیزەكان و شێواز و جۆری ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراویدا كردەوە، بەجۆرێك هەڵبژاردنەكە بە ئازادانە و پاكژ بێت و لە دۆخێكی ئەمنیدا بێت كە بتوانین بڵێین دەربڕی ئیرادەی گەلی عێراقە.
ئەوەشی وت، “چەندین پرس و بابەتی گرنگمان تاوتوێكرد لەوانەش پەیوەندیی مێژوویی نێوان دەوڵەتی یاسا و حزبی دەعوە لەگەڵ یەكێتی كە لە سەردەمی كۆچكردوو مام جەلال-ەوە دەستپێدەكات”.