مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕایدەگەیەنێت، “په‌كه‌كه هیچ كاتێك ڕێزی لە سەروەریی هەرێمی کوردستان نەگرتووە” و دەشڵێت. “به مه‌به‌ست و دەستی ئەنقەست شه‌ڕی له‌گه‌ڵ توركیا گواستۆته‌وه نێو خاکی هه‌رێم”.
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئەمڕۆ یەكشەممە ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوە و دەڵێت، “وا جارێکی دیکە و لە درێژەی سیاسەتە شەڕانگێزەکانی سێ دەیەی ڕابردوویاندا، دیسان چەکدارانی پەکەکە بە فەرمانی ڕاستەوخۆی سەرانی گومانباری قەندیل، دەستیان چووە خوێنی پێشمەرگەی کوردستان و لەهێرشێکی لەناکاودا لە چیای مەتینی ناو خاکی ھەرێمی کوردستان پەلاماری هێزێکی پێشمەرگەیان دا”.
دەشڵێت، “ئه‌وه‌ی چهكدارەکانیان ساڵانێکە له هه‌رێمی كوردستان ئەنجامی دەدەن، ته‌نیا له به‌رژه‌وه‌ندیی نەیارانی گه‌لی كوردستان و ئەو لایەنانەیە کە نەک خۆشیان بۆ خەڵکی کوردستان ناوێت، بگرە لە دووی فورسەتێکن بۆ لەنێوبردنی”.
لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، پەکەکە بووەتە “جێبه‌جێكاری ئه‌جێندای دەرەکی و بیانوویەکی حازربەدەست بۆ ده‌وڵه‌تانی ئیقلیمی تا هەر کاتێک و لەهەر جێیەک بیانەوێت سنوورەکان و سەروەری هەرێمی کوردستان ببەزێنن و فشارێکی ناوەختەی زۆر بخەنەسەر هەرێمی کوردستان”.
“په‌كه‌كه هیچ كاتێك ڕێزی لە سەروەریی هەرێمی کوردستان نەگرتووە و ئیعتباری بۆ حكومه‌تی هه‌رێم كوردستان و دامەزراوەکانی دانه‌ناوه و هیچ حسێبێکی بۆ یاساکان نەکردووە، بە پێچەوانەوە دانبه‌خۆداگرتنی حكوومه‌تی هەرێم و دامەزراوەکانی بە خراپترین شێوە قۆستۆته‌وه” وەك ئەوەی لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە.
دوپاتیشیدەكاتەوە، “په‌كه‌كه به مه‌به‌ست و دەستی ئەنقەست شه‌ڕی له‌گه‌ڵ توركیا گواستۆته‌وه نێو خاکی هه‌رێمی كوردستان و به‌پیلانێکی دانراو شه‌ڕ ده‌كات و ناوچه‌كان بۆ سوپای توركیا به‌جێده‌هێڵێت، تا خاکەکەمان بە داگیرکردن بدات”.
مەكتەبی سیاسیی پارتی ڕووداوەكەی دوێنێ بە “پیلانی گەورە” ناودەبات و داواش لە هێز و لایه‌نه سیاسییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دەكات “به یه‌كده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی” ڕوبەڕووی ببنەوە و داواش لە حكومه‌تی ناوەند دەكات ڕۆڵ و ئەرکی خۆی بگێڕێت.