كونسوڵخانەی توركیا لەسەر گرژییەكانی ئەمڕۆژی چیای مەتین ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە

كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر، لەبارەی گرژییەكانی ئەمڕۆی چیای مەتین نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت و دەڵێت، “پەكەكە دوژمنی هاوبەشی توركیا، عێراق و هەرێمی كوردستانە و پشتیوانی لە هەرێم دەكەین بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر”.

كونسوڵخانەی توركیا لە هەولێر لە ڕاگەیەندراوێكدا، نیگەرانی و خەمباری خۆی لە هێرشەكەی ئەمڕۆی چیای مەتین بۆسەر هێزەكانی پێشمەرگە دەربڕیووە، كە بووە هۆی شەهیدبوونی پێنج پێشمەرگە و برینداربوونی چواری دیكە.

 ئاماژەی بەوەشكردووە، “پەكەكە دوژمنی هاوبەشی توركیا، عێراق و هەرێمە، ئێمە هاوسۆز و پشتیوانی بڕیاربەدەستانی حكومەتی هەرێم دەكەین لە عێراق، بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، كە مایەی هەڕەشەی هاوبەشمانە”.

گرژییەكانی ئەمڕۆژی چیای مەتین، كە قوربانی لێكەوتەوە كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی هەرێمی كوردستان ئیدانەی ڕووداوەكەیان كرد و داوایان لە پەكەكە و توركیا كرد، شەڕو ئاڵۆزییەكانی خۆیان لەهەرێمی كوردستان دور بخەنەوە، بژاردەی ئاشتی و چارەسەری سیاسی بگرنەبەر، ڕێز لەدامودەزگاكانی هەرێمی كوردستان و سەروەریی هەرێمی كوردستان و عێراق بگرن.

لەبەرامبەریشدا زاگرۆس هیوا وتەبێژی كەجەكە، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاندبوو، ئەو شوێنانەی ئەمڕۆ هێزەكانی زێرەڤانی چوبوون بۆكۆنترۆڵكردنی، نزیكەی 30 ساڵە لەژێر كۆنترۆڵی گەریلایە، ویستیان لەدوو قۆڵەوە بەدەیان ئۆتۆمبێلی گوللەنەبڕ بچن بۆ گرتنی، گەریلاش بەرەو ئاسمان تەقەی لەو هێزە كردووە، وەكو هۆشدارییەك”.

وتیشی، ”ڕووداوەكە دیارنییە چۆن ڕوویداوە، چونكە پارتی لەسەرەتادا توركیای پێ تۆمەتباركرد و وابڵاویكردەوە بە بۆردومانی فڕۆكە ڕوویداوە، بەڵام دواتر میدیاكانی پارتی پەكەكەیان پێ تۆمەتباركرد و بابەتەكەیان گۆڕی، گەریلاكانی ئەو ناوچەیەش دەڵێن، نازانین ئەو ڕووداوە چۆن ڕوویداوە”.

وتەبێژەكەی كەجەكە ڕەتیكردەوە گەریلا هێرشیكردبێتە سەر ئەو هێزەی زێرەڤانی و دەڵێت، “ڕاستە لەو ناوچەیە مینی لێیە، بەڵام هێرشەكە هی مین نییە و لێكۆڵینەوەی پێویستە و توركیای لەپشتە”.

بابەتی پێشتر

چەکدارانی داعش لە نزیک گوندی پەلکانە بۆردومانکران

بابەتی دواتر

وتەبێژی كازمی: ئەنجامدەرانی هێرشەکەی سەر پێشمەرگە بەسزا دەگەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share