دانیشتنی پەرلەمانی عێراق بەهۆی ناکۆکیی نێوان پەرلەمانتارانی کورد و عەرەبەوە دواخرا

ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، دانیشتنی ئەمڕۆی بەهۆی ناکۆکی نێوان ژمارەیەک لە پەرلەمانتارانی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوپەیمانیی فەتح بۆ کاتێکی نادیار دواخست.

بڕیاربوو ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی تشرینی یەکەم، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق کۆتا کۆبوونەوەی ئەم هەفتەیەی لەبارەی یاسای هەڵبژاردنەکان ئەنجامبدات، بەڵام بەهۆی دروستبوونی ناکۆکی لەسەر لێدوانێکی پێشووی هۆشیار زێباری دانیشتنەکە بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.

لەوبارەیەوە غالب محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی گۆڕان، بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، “ناکۆکییەکە بەهۆی لێدوانێکی هۆشیار زێباری، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی بوو کە سەبارەت بە حەشدی شەعبی قسەی کردووە و دژی حەشدی شەعبی لێدوانیداوە”.

غالب محەمەد وتیشی، “ئەندامانی هاوپەیمانی فەتح داوایانکرد کە هۆشیار زێباری دەبێت لەسەر ئەو لێدوانانەی دژی حەشدی شەعبی داوییەتی داوایلێبوردن بکات بەڵام یەکێک لە ئەندام پەرلەمانەکانی پارتی وەڵامیدانەوە و بەرگری لە هۆشیار زێباری کرد بۆیە ناکۆکی و دەمەقاڵێ دروستبوو، دانیشتنەکە دواخرا”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد، لەبەرئەوەی ئەمە کۆتا دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەران بوو لەم هەفتەیەدا بۆیە نازانین دانیشتنی داهاتوو کەی دەبێت و کاتەکەشی دیارینەکراوە، لەگەڵئەوەشدا هۆکاری دواخستنی جگە لەو ناکۆکییانە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی ڕێککەوتن لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان نەکرابوو پێشتر و لایەنەکان هیچ بەرچاو ڕوونییەکان نەبوو لەسەری.

پێشتر لە لێدوانێکدا هۆشیار زێباری ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایگەیاندبوو کە حەشدی شەعبی هەمان ڕۆڵی داعش دەگێڕێت و هەولێر و بەغدادیان کردووەتە ئامانج وەک چۆن داعش وایکرد.

بەرلە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقیش، حەسەن کەعبی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە سەرۆکی پەرلەمانی ڕاگەیاندبوو کە دەبێت هۆشیار زێباری بە فەرمی داوای لێبوردن بکات لەبارەی ئەو لێدوانانەی چونکە حەشدی شەعبی دەستەیەکی فەرمییە لە چوارچێوەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتدایە.

بابەتی پێشتر

یەکەم دەرکەوتنی کریستیانۆ دوای تووشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا

بابەتی دواتر

وەزارەتی دارایی خشتەی دابەشکردنی موچەی سەرجەم وەزارەتەکانی بڵاوکردەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share