ئێران و ئەفریقای ناوەند مافی دەنگدان لە نەتەوە یەكگرتووەكان لەدەستدەدەن

سێ وڵاتی دیكەش لە بەردەم بڕیارێكی لەو جۆرەدان

ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان دەڵێت، ئێران و كۆماری ئەفریقای ناوەند دواكەوتوون لە پێدانی شایستەكانی بودجەی بەكاربردنی نەتەوە یەكگرتووەكان و بەهۆیەوە مافی دەنگدان لە كۆمەڵەی گشتی لەدەستدەدەن.

ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نامەیەكدا كە بەسەر ئەنداماندا دابەشكراوە، ئاشكرایكردووە، ئێران و كۆماری ئەفریقای ناوەند شایستەكانی بودجەی بەكاربردنی ڕێكخراوەكەیان نەداوە و بەهۆیەوە لە مافی دەنگدان لەنێو كۆمەڵەی گشتی، كە لە 193 ئەندام پێكدێت، بێبەش دەبن.

لە نامەكەدا كە ئاراستەی ڤولكان بوزكیر، سەرۆكی كۆمەڵەی گشتی كراوە، گۆتیرێش دەڵێت، سێ وڵاتی دیكەی ئەفریقا، كە بریتین لە ساوتومی و برینسیپی، دورگەكانی قەمەر و سۆماڵ بەهەمان شێوە دواكەوتون، بەڵام كۆمەڵەی گشتی بڕیاریداوە ئەم وڵاتانە لە دەنگدان لە خولی ئێستادا بەردەوام بن، كە لە ئەیلولی داهاتوو كۆتایی دێت.

بەپێی پەیماننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەو ئەندامانەی پێدانی شایستەكان بۆ ماوەی دوو ساڵ دوادەخەن، مافی دەنگدان لەدەستدەدەن.

هەر بەپێی نامەكەی ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان، بڕی پارەی پێویست بۆ گەڕانەوەی دەنگدان 16 ملیۆن و 251 هەزار و 298 دۆلارە بۆ ئێران و 29 هەزار و 395 دۆلارە بۆ كۆماری ئەفریقای ناوەند.

دورگەكانی قەمەر 871 هەزار و 632 دۆلار، ساو تۆمی و برینسیپی 829 هەزار و 888 دۆلار و سۆماڵیش یەك ملیۆن و 443 هەزار و 640 دۆلاریان لە ئەستۆدایە و پێویستە بەر لە مانگی ئەیلولی داهاتوو ڕادەستی بكەن تا لە مافی دەنگدان بێبەش نەكرێن.

س: ئەلحوڕە

بابەتی پێشتر

تەندروستيی كەركوك قسەی جیاواز لەبارەی تۆماركردنی حاڵەتی توشبوون بە كەڕووی ڕەش دەكات

بابەتی دواتر

پەرلەمانی كوردستان لیژنەیەكی لەسەر زیادەڕۆیی بۆسەر موڵكی گشتی پێكهێنا

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەرپرسێكی وهان دادگایی دەكرێت

چین بڕیاریدا بە دادگاییكردنی جێگری سەرۆكی شارەوانیی وهان، ئەو شارەی كە پەتای كۆرۆنای تێدا بڵاوبووەوە بە جیهاندا. بەگوێرەی…
Total
0
Share