تەندروستيی كەركوك قسەی جیاواز لەبارەی تۆماركردنی حاڵەتی توشبوون بە كەڕووی ڕەش دەكات

داوا لە خەڵك دەكات نەترسن

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی كەركوك و بەڕێوەبەری یەكەی گشتی لە تەندروستیی پارێزگاكە قسەی جیاواز لەبارەی تۆماركردنی حاڵەتی توشبوون بە كەڕووی ڕەش دەكەن.

نەبیل حەمدی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی كەركوك، توشبوونی چوار كەسی بەتەمەنی بە كەڕووی ڕەش بۆ میدیا عێراقییەكان ئاشكراكردووە، بەڵام داوای لە خەڵك كردووە نەترسن، بەو پێیەی نەخۆشییەكە وەك پەتای كۆرۆنا گوازراوە نییە.

بەڕێوەبەرەكەی تەندروستیی كەركوك، هۆكاری توشبوونی ئەو كەسە بەتەمەنانەی بە نەخۆشییەكە گەڕاندەوە بۆ دابەزینی بەرگریی لەش و هەروەها شەكرە.

لەبەرامبەریشدا د. سەباح نامیق، بەڕێوەبەری یەكەی سەرپەشتیاری گشتی لە تەندروستیی كەركوك بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، هیچ حاڵەتێكی توشبوون بە كەڕووی ڕەش لە بنكە تەندروستییەكانی كەركوك تۆمارنەكراوە و تەنها دەنگۆن و دوورن لەڕاستییەوە.

ئاماژەی بەوەشكرد، “زۆردەگمەنە ئەو كەڕووە بگوازرێتەوە، تەنها لەو شوێنانە نەبێت لەنێو نەخۆشخانەكان پیسی هەبێت و لەتوشبوویەكەوە بگوازرێتەوە بۆ كەسێكی دیكە”.

باسیلەوەشكرد، “پاكوخاوێنی و ژینگەی پاك هۆكارن بۆ نەگواستنەوەی كەڕووی ڕەش”.

پێشتریش لە پارێزگای زیقار دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان و چوار حاڵەتی توشبوون بە كەڕووی ڕەش تۆماركرابوون، لە سلێمانیش توشبوویەك، كە خەڵكی پارێزگاكانی دیكەی عێراق بوو، بەهۆی توشبوونی بە نەخۆشییەكەوە گیانیلەدەستدا.

سەرەكیترین هۆكارەكانی توشبوون بە كەڕووی ڕەش چین؟

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، دکتۆر گۆران محێدین سەرپەرشتیاری چارەسەری ئەو نەخۆشەی لە سلێمانی بەهۆی كەڕووی ڕەشەوە گیانیلەدەستدابوو، ڕایگەیاند، نەخۆشییەکە ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە بەرگریی جەستەوە هەیە، نەک کۆرۆنا، ئەو کەسانەی بەرگریی جەستەیان بە هەر هۆکارێک بەشێوەیەکی زۆر دادەبەزێت، نیشانەکانی کەڕووی ڕەشیان تێدا دەردەکەوێت.

پزیشكەكە ئاشكراشیكرد، شەکرە یەکێکە لەو نەخۆشییانەی بەرگریی جەستە دادەبەزێنێت و ئەگەری توشبوون بە كەڕووەكە زیاتر دەکات، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکان بەکارهێنانی ئەو دەرمان و چارەسەرانەیە، کە بەرگریی جەستە دادەبەزێنن، بەتایبەت دەرزیی ستیرۆیدس.

نیشانەکانی کەڕووی ڕەش بریتیین لە سووربوونەوەی چاو، تێکچوونی بینین، تێکچوونی جوڵەی چاو، هەوکردنی (جیوبەکان)، دروستبوونی دەردراوێکی ڕەش لەناو لوتدا و دروستبوونی ئازار لەسەردا.

ئەو ڕێنماییانەی پزیشکی سەرپەرشتیاری نەخۆشەکەی سلێمانی دەیدات بە هاوڵاتییان لەبارەی کەڕووی ڕەش، بەکارنەهێنانی ئەو دەرمانانەی بەرگریی جەستە دادەبەزێنن، پاکوخاوێنی، هەروەها ئەوانەی نەخۆشیی شەکرەیان هەیە، کۆنترۆڵی شەکرەکەیان بکەن بۆ خۆپارێزی.

بابەتی پێشتر

نرخی نەوت 71 دۆلاریشی تێپەڕاند

بابەتی دواتر

ئێران و ئەفریقای ناوەند مافی دەنگدان لە نەتەوە یەكگرتووەكان لەدەستدەدەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share