خزمەتگوزارییەکانی بەشی چاودێریی چڕی منداڵان لە سلێمانی بێ بەرامبەرە

بەشی چاودێریی چڕی منداڵان لە سلێمانی، بە باشترین بەشی چاودێریی چڕ دادەنرێت لەسەر ئاستی عێراق، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان رەتیدەکاتەوە کە هیچ بڕە پارەیەک لەبەرامبەر مانەوەی منداڵدا لەو بەشە وەربگیرێت کە باشترینە بەراورد بە نەخۆشخانە تایبەتەکانیش.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، دکتۆر پشدەر عەبدوڵا بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵانی سلێمانی رایگەیاند، “نەخۆشخانەکە بە گشتی و بەشی چاودێریی چڕی منداڵان بە تایبەتی کە لە کۆتایی هەفتەی رابردوودا کرایەوە، سەرجەم خزمەتگوزارییەکانی بێ بەرامبەرن و هیچ بڕە پارەیەک نە بۆ مانەوەی نەخۆش نە بۆ خزمەتگوزارییەکانی دیکە وەرناگیرێت”.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان باسی لەوەکرد، کە ئێستا کارمەندەکانی بەشەکە لە راهێناندان و ئامێر و پێداویستییەکانیان لە ئاستێکی باشدان لەگەڵ ئەوەی هەندێک پێداویستییان هەیە تا ئێستا دابیننەکراوە.

جەختیکردەوە، “بەشی چاودێریی چڕی منداڵان و کۆی نەخۆشخانەی منداڵان تاکە نەخۆشخانەی حکومییە لەو ئاستە بەرزەدا و باشترین نەخۆشخانەین لەهەموو عێراق”.

بەشی چاودێریی چڕی منداڵان لە سلێمانی رۆژی پێنجشەممەی هەفتەی رابردوو کرایەوە و ئێستا 20 تەختی نەخۆشی هەیە لەوبارەیەوە دکتۆر پشدەر عەبدوڵا، “ئەو ژمارە تەختە بۆ منداڵ پێداویستییەکانی تا ئاستێکی باش پڕدەکاتەوە”.

هەروەها بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی منداڵان داوای لە بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کرد کە وەک پێشتر زۆر هاوکاریکردوون، بەردەوام بێت لە هاوکارییەکان و نەخۆشخانەکە و بەتایبەت چاودێریی چڕی منداڵان لە ئەستۆ بگرێت.

هەروەها وتی، “داوا لە کاک بافڵ تاڵەبانی دەکەم ئامێرەکانی MRI و سیتی سکان بۆ ئەو بەشە دابینبکات کە زۆر گرنگە”.

رۆژی پێنجشەممەی رابردوو لە میانی کردنەوەی بەشی چاودێریی چڕی منداڵاندا دکتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی رایگەیاند، “ئەو بەشە بە هاوکاریی هەمەلایەنە هاتووەتە بەرهەم و ئاست بەرزترین و باشترین بەشی چاودێریی چڕە لەسەر ئاستی عێراق”.

بابەتی پێشتر

بافڵ جەلال تاڵەبانی: شوكر خەیات خزمەتێكی مەزنی پێشكەشی كەلتوور و هونەری كوردی كردووە

بابەتی دواتر

کانسیلۆ لە بەرشلۆنە نزیکە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share