یەکێتیبوون لە تێڕوانینی منەوە

ساڵانە لە یادی دامەزراندنی یەکێتی هەموومان میدیا پڕ دەکەین لە درووشم و بیرەوەری مێژوویی. ئەمساڵ من بیرم لەوەكردەوە بەشێوازێكیتر لەو یادە بدوێم و هەوڵبدەم لەدیدی خۆمەوە پێناسەیەك بۆ یەكێتی بوون بكەم.

لای من یەکێتی بوون زۆر بەسادەیی بوێرییە بەرامبەر تەحەددا جۆراوجۆرەكان. حیزبێک بۆ بەرهەڵستیكردنی دڕندەترین رژێم دروست بووبێت، دواتریش بەشێك بووبێت لە هۆكارەكانی رووخاندنی ئەو رژێمە، هەر ئەوەمان فێر دەکات کە یەکێتی بوون مانای بوێری و بەرەنگاربوونەوەی تەحەدداكانە‌‌‌.

ئەگەر یەکێتی بیت، ئە‌وا یە‌كێتی حیزبی بەرپرسیاریە‌تییە‌، بۆیە‌ دەبێت قۆڵی لێ هەڵماڵیت و شانی بدەیتە بەر و بە کردار رووبەڕووی ئاڵۆزیی و تەحەدداكان ببیتەوە. كورد وتە‌نی: بە‌ ریش نییە‌ بە‌ ئیشە‌!.

یەکێتی بوون خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی كوردستانە بێ جیاوازی. ئەم حیزبە تەنها بۆ خۆی دانەمەزرا، بۆ ئەوە نەهاتە مەیدان سەركردە و ئەندامەكانی دەوڵەمەند بكات، موڵكی تەنها شارێک یان عشیرەتێک یان بنەماڵەیەک نەبوو و نابێت، بەڵكو خزمەتكاری هەموو چین و توێژەكانی خەڵكی كوردستانە. ئەم حیزبە‌ لەپێناو ئازادی، دیموکراسی، مافی مرۆڤ و مافی چارەنووس وعە‌دالە‌تی كۆمە‌ڵایە‌تی دروست بوو.

بۆیە ئێستا پێویستمان بە هەڵسەنگاندنە؛ کام لەو ئامانجە سەرەکییانە هاتوونەتەدی تا ئێمە بچینە سەر ئامانجیتر و کاری بۆ بكەین؟ ئەگەر رێژەیەک دیاری بكەین بۆ هەریەك لەو ئامانجانە، ھەر یەکەیان چەندیان دەدەینێ؟ تا چەند رازین لەو ئازادیەی لە کوردستان هەیە؟ تا چەند پێمانوایە کوردستان بەرەو دیموکراسی رۆیشتووە؟ چەندمان ماوە تاوەکو بڵێین ئێمە حیزبێکی دیموکراسین لەناو هەرێمێكی دیموكراسی و وڵاتێكی دیموكراسیداین؟ پێوەرەکان چین کە بەراوردیان دەکەین بۆ هەڵسەنگاندنی ئاستی دیموکراسی ، چ لە ناو حیزب و چ لە ناو حکومەت؟ تا چەند پارێزەری مافی مرۆڤ بووین؟

پێموانییە تەنها لەبەر ئەوەی كۆنگرەمان گرێدا و هەڵبژاردن دەكەین بووبین بە دیموكراتی، یان باوەڕمان بە دیموکراسی هەبێت، چونكە زۆرجار هێزە نادیموكراتییەكانیش هەڵبژاردن دەكەن و كۆنگرەش دەبەستن.

کەواتە یەکێتی بوون، بۆ من باوەڕهێنان و كاركردنیشە بەو ئامانج و پرەنسیپانەی کە لە پێناویدا دروست بووە، نەک تەنها قسە کردن، یان بۆڵەبۆلکردن و تانەلێدان. یەکێتی بوون کارکردنە لە پێناوی ئەو بەهاو باوەڕانە و گونجاندنی ژیانی خۆمانە لەو چوارچێوەیەدا. ناکرێت بڵێیت دیموکراسی و ئازادیم دەوێت بۆ وڵات، بەس لە ناو ماڵی خۆت، یان لە ناو حیزب، یان لە شوێنی كار و دەوامەكەت ستەمكار و دیكتاتۆر بیت.

یەکێتی بوون، بۆ من هونەری بەڕێوەبردنیشە. راستە یەکێتی لە پێناو ئازادی بۆ عێراق و و دیموکراسی بۆ کوردستان دروست بووە. بەڵام لە ساڵی 1992 بەدواوە لە لووتکەی دەسەڵاتی جێبەجێکردندا بووە تا ئێستا. کۆمەڵانی خەڵک چاوەڕێ لە یەکێتی دەکەن ژیان و گوزەرانیان بۆ چاک بکەین، نەک وەک ئەوان گلەیی و رەخنە بگرین. ئۆرگانەکانی حیزب، کادرەکانی حیزب، نێردەکانی حیزب بۆ ناو حکومەت، بەربژێرەكانی حیزب بۆ پەرلەمان، دەبێت بە شێوەیەكی کرداری، رۆژانە ، بە رۆحیەتی دەوڵەتداری و بەرپرسیارێتی كار بكەن ، نەك تەنها درووشمبازی.

دەبێت بەشی خۆمان ئەرکی راستکردنەوەی باری لاری سیاسەتکردن و حوكمڕانی لە کوردستان و عێراق لەسەرشان ھەڵبگرین، ئەمەش بە درێژکردنی پەنجەی تۆمەت بۆ یەکتری و شکاندنی یەکتری لە رێگەی میدیا و سۆشیاڵ میدیا یان دژایەتی ناو ئۆرگانەكانی حیزب نایەتە دی، بەڵكو بەوە دێتەدی یەکێتی هەست بەو بەرپرسیاریە‌تییە‌ بکات کە حەز بکەین یان نا تازە لەسەر شانمانە و بەشێکی کاریگەربین لەبەڕێوەبردنی هەرێمی كوردستان. ئەم ئامانجەش بەوە دێتەدی کاریگەرییمان هەبێت لەسەر ئاڕاستەکردنی کۆمەڵگامان بەرەو کۆمەڵگایەکی ئارام و ئاشتیخواز و خاوەن راوبۆچوونی خۆی كە تەندروست و كاریگەر بێت.

یەکێتی هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووە کە دەبێت، یان دەتوانێت بە تاقی تە‌نھا ئەم هەموو بەرپرسیاریە‌تییە‌ بگرێتە ئەستۆی خۆی. بۆ سەرکەوتن لە جێبەجێکردنی ئەرک و بەرپرسیاریەتییەکانی و پێشكەشكردنی خزمەتی زیاتر یەکێتی لە رابردوو لە ئێستا و ئایندەش پێویستی بە هەماهەنگی و هەندێكجار هاوپەیمانێتی هەبووە و دەبێت، چ هی نێوخۆیی و چ هی نێودەوڵەتیش. ئەمەش  ئەوەمان لێ دەخوازێت ژیرانە و وەک مام گوتەنی؛ ئاگایەکمان لە پانایی بێت، پشت بەستوو بە هەڵسەنگاندنێکی بابەتیانە‌ لەبارەی هێزی خۆت و یار و نەیارەكان بڕیاری دروست بدەین.

هەرگیز نابێت رێگە بدەین ژاوەژاوی سۆشیال میدیا زاڵ ببێت بەسەر ئارامی لە بیرکردنەوەمان و لە لۆژیكی بڕیارەكانمان. تەلارێك بە چەندین مانگ، هەندێكجار چەندین ساڵ دروست دەکرێت، بەڵام بە رۆژێک دەڕوخێنرێت. یەکێتی 46 ساڵە پەیوەندی سیاسی خۆی و پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانی خۆی بە هێز دەکات، ئێستا چۆن دەتوانین کاربکەین بۆ زیاتر بەهێزکردنیان؟ راگەیاندنی هاوپەیمانێتی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان و لێکتێگەشتنمان لەگەڵ ھە‌ندێك لە‌ لایەنە سیاسییەکانی تر هەنگاوێکی زۆر گرنگ و پێویست بوو لەم میانەدا پێویستمان بەزیادكردنی ئەم جۆرە هەنگاوانە هەیە. لەمەش گرنگتر بۆ گەیشتنمان بە کەناری ئارامی، دەبێت زیاتر كاربكەین بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسی و میدیایی لە کوردستان.

ئاستی پەیوەندییە دیپلۆماسیەکانی یەکێتیش رۆژ لە دوای رۆژ بەهێزتر دەبن، بە‌ڵام پێویست دەکات گرنگییەکی زیاتر بدەین بە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکان و کەسایەتییە سیاسی و ئایینییەكانی بەشەکانی تری عێراقیش. لە ساڵانی رابردوو وەبەرهێنانێکی زۆر کرابوو لەو پەیوەندییانە کە ئەگەر بە بەردەوامی پەرەیان پێ نەدرێن، ئەوا کاڵ و سارد دەبنەوە و هەوڵەكان بەفیڕۆ دەچن.

سەرەنجام هەڤاڵان، با هەمیشە ئەوە بەبیر خۆمان بهێنینەوە کە یەکێتی بوون ئیمتیاز نییە، ئەرک و بەرپرسیاریە‌تییە‌. ئەرک و بەرپرسیارێتیش پێویستی بە هەنگاوی كردەییە، نەک تەنها تیۆر و پەیامی میدیایی.

بەداخەوە حەزم دەکرد ئەم یادە لە کوردستان بکەمەوە، بەڵام کاتێک ئەمە دەنووسم بە ئەرکی خۆم هەستاووم و لە بەغدادم بۆ بەردەوام بوونی گفتوگۆکانمان و مسۆگەركردنی مافە رەواکانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان.

دروود بۆ گیانی پاكی مام و شە‌ھیدانی گە‌لە‌كە‌مان.

پیرۆز بێت یادی دامەزراندی یەکێتیمان.

هەر شاد و سەربەرز و سەرکەوتوو بن.

بابەتی پێشتر

کێشەی ئاوی چەمچەماڵ بە نێودەوڵەتی دەکرێت

بابەتی دواتر

لە سنورەکانى شارباژێر، سەیدسادق دەربەندیخان سەدان دۆنم پوش و پاوان سووتان

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share