بەرزبوونەوەی ئاستی ستراتیجیی چین و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاساییشی نێودەوڵەتی

لە ڕۆژانی ٢٠ – ٢٢ی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩، دیداری شیانگ شان بۆ جاری نۆیەم لە شاری پەکین ڕێکخرا. لە دیدارەکەدا، وەزیری بەرگریی کۆماری گەلانی چین باسی لەو پێشکەوتنە سەربازییانە کرد کە چین لە ماوەی ٤٠ ساڵدا پێیدا تێپەڕیوە، ئامانجی ئەم پێشکەوتنانەش پاراستی یەکێتیی خاکی چین بووە، بە دوورگەی تایوان، دەریای چینی باشوور و دەریای چینی ڕۆژھەڵاتیشەوە، بەتایبەتی دوورگەی دیایو؛ ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەو گرنگیپێدانە زۆرەی چین بە پێشکەوتنی سەربازی لەپێناو پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییەکانی، بەتایبەتیش لە ناوچەکانی ئاسیا و زەریای ھیندی و زەریای ھێمن.

لەھەمان کاتیشدا، سیستمە سەربازییەکەی چەندین چاکسازی بەخۆیەوە بینیوە، سەرەڕای پێشکەوتنی سەربازی و گەشەسەندنی توانای سەربازیی چین بەپێی ئەو بەڵگەنامەیەی وەزارەتی بەرگریی چین لە مانگی تەمموزی ساڵی ٢٠١٩ـدا بڵاویکردەوە، گرنگترین ئەو خاڵانەش وەزیری بەرگریی چین لە دیدارەکەدا ئاماژەی بۆ کرد، ئەمانەی لای خوارەوەن:

١. لەپێشێنەیی پەرەدان و قووڵکردنەوەی ھاوکارییەکانی نێوان چین و ڕووسیا، ھەروەھا دامەزراندنی ھاوپەیمانی لەنێوان مۆسکۆ و پەکین لە بواری سەربازیدا، سەرەڕای پەرەدان بە بوارەکانی دیکە لەنێوان دوو لایەنەکە.

٢. بانگەشەکانی جەنگی بازرگانیی نێوان چین و ئەمریکا، ھەروەھا جەختکردنەوەش لەسەر ئەوەی ھیچ دەوڵەتێک لەم جەنگە براوە نابێت، سەرەڕای کاریگەریی نەرێنی ڕاستەوخۆش لەسەر ئاساییش و ئاشتی و ئابووریی جیھانی، کە ڕەنگە ببێتە ھۆی بەربەرەکانێ و جیاکردنەوەی لایەنەکان، لە ئەنجامیشدا، دیمەنی جەنگی سارد دەگەڕێنێتەوە.

٣. لەبارەی کیشوەری ئاسیاشەوە، مەترسیی گۆڕانکاریی لەپڕی ئیدارەی ئێستای ئەمریکا ھەیە، بەتایبەتی لەبارەی ئاسیا و ناکۆکییەکانی نێوان ژاپۆن و کۆریای باشوور، ھەروەھا باسوخواسەکانی فایلی ناوەکیی کۆریای باکوور.

٤. لەگەڵ ئەوەی “ڕێکخراوی نێوحکوومەتی ئاسیان” بە یەکێک لە مەنزوومە ئاسایشییە سەرکەوتووەکان دادەنرێن لە لابردنی ناکۆکی و ململانێی نێوان ئەندامەکانی، دەکۆشێت ھەوڵەکان یەکبخاتەوە بۆ پارێزگاریکردن لە ئاسیا، بەتایبەتیش لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی “ئاسیان + ١”، کە لەگەڵ چیندایە. سەرەڕای ئەوەی ناکۆکیی گەورە لەنێوان سەرکردایەتیی ھەندێک دەوڵەتی ناو ڕێکخراوەکەدا ھەیە لەسەر ڕێڕەوە ئاوییەکانی سەر دەریای چینی باشوور، بەڵام دەتوانن لەڕێی کارکردنی ھاوبەش و دانوستانەوە، ئەم ناکۆکییانە چارەسەر بکەن و لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ئاسیان + ١ یەکلاییان بکەنەوە. بۆچوونی جیاوازیش ھەن، ھەندێک پێیان وایە چین دەیەوێت دەست بەسەر ڕێڕەوە ئاوییەکاندا بگرێت، ھەندێکی دیکەش پێیان وایە دەیەوێت خۆی لە بوونی ھێزە ئەمریکییەکان لە ناوچەکەدا بپارێزێت. جێی سەرنجیشە ئاماژە بۆ ڕۆڵی کارای فەڕەنسا بکەین لە پاراستنی سەقامگیری ئیندۆپاسیفیک، ھەروەھا ئەم ناوچەیە بۆ سیاسەتی سەربازیی فەرەنسا زۆر گرنگە، بەوپێیەی ھەندێک دوورگەی سەر بە فەڕەنسا لەوێ ھەن.

٥. لەبارەی جیھانیشەوە بە شێوەیەکی گشتی، ئاماژە بۆ ڕۆڵی گرنگی بەڕازیل کرا لە پارێزگاریکردن لە ئاسایش و ئاشتیی نێودەوڵەتی، ئەویش لەڕێی بەشداریکردنی لە ھێزی پاراستنی ئاشتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، ھەروەھا بەشداریکردنیشی لە پاراستنی ڕێڕەوە ئاوییەکانی زەریای ئەتڵەسی. لەم سەروبەندەشدا دەبێت ئاماژە بەو لێکنزیکبوونەوەیەی چین و بەڕازیل بکەین لە سنووری پەیوەندییەکانی چین و جیھانی لاتینەوە. بەڕازیل بە گەورەترین سەرچاوە و ھاوبەشی بازرگانیی چین دادەنرێت لەو ناوچەیەدا.

٦. لەسەر ئاستی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستیش، گۆڕانکاریی سیاسەتەکانی ئیدارەی ئەمریکا، وایکردووە ئەم پەیوەندییانە تاریک ببن و باش نەبینرێن، کە کاریگەریی ڕاستەخۆی بەسەر تێکچوونی ھاوسەنگیی ھێزەکانی ناوچەکەوە ھەیە، چونکە بووەتە ھۆی زۆربوونی ئامادەیی سەربازیی ڕووسی و دەستێوەردانی لە ناوچەکەدا، سەرەڕای دەستێوەردانی وڵاتانی دیکە لە کاروباری ناوچەکە بە مەبەستی چارەسەرکردن و یەکلاکردنەوەی ململانێ و قەیرانەکانی. لەم چێوارچیوەیەدا، ھەندێک لایەن پێشنیازی ڕێکخراوێکی ئاسایشی ناوچەییان کردووە، کە ئامانجی پاراستنی بەرژەوەندیی ھەموو دەوڵەتەکان بێت و ھەوڵی چارەسەرکردنی قەیرانەکان بدات، ئەویش بە ئامادەیی دەوڵەتانی وەک ئەمریکا و یەکێتیی ئەورووپا و دەوڵەتانی دیکەش، بەوپێیەی بکەری سیاسیی سەرەکیی ناوچەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستن. ھەروەھا ئاماژە بۆ ڕۆڵی میسڕ کرا لە پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە و ڕۆڵی کارای لە نەھێشتن و سەرکوتکردنی تیرۆر. لە کۆتاییشدا، چین تا ئێستا ھەوڵی ئەوە نادات ببێتە ھێزێکی سەربازیی گەورە، لەلای خۆشیەوە ڕێز لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئامانج و مەبەستی یاساکانی دەگرێت، بەردەوامیش جەخت لەسەر گرنگیی ڕێزگرتن لە سەروەریی دەوڵەتان و دەستێوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆییان دەکاتەوە، چین ڕۆڵێکی گەورە و شارەوەشی ھەیە لەڕێی بەشداریکردنی لە ھێزی پاراستنی ئاشتی و پاڵپشتیکردنی دارایی بۆیان. کوەیت یەکەم وێستگە بووە بۆ ھاوبەشیکردن لەگەڵ ھێزە چینییەکان لە چوارچێوەی ھێزی پاراستی ئاشتیی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان، کە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٩٢دا ناردی بۆ چاودێریکردنی سنووری نێوان عێراق و کوەیت (UNIKOM). لەو کاتەشەوە چین ھەوڵ دەدات دەوڵەتێکی بەشداری چالاک بێت لە پاراستنی ئاسایش و ئاشتیی دەوڵەتان؛ لە ئێستاشدا بەشداری لە ھەشت ئەرکی نەتەوە یەکگرتووەکاندا ھەیە بۆ پاراستنی ئاشتی.

٧. لەبارەی دەوڵەتانی کەنداویشەوە، ئەو پەیامەی چین دەیەوێت بیگەیەنێت لەبارەی ئەو گرنگیەیەوەیە چین دەیدات بە ناوچەکە و لەسەر ھاوکاریکردن لە بواری ئابووری و بازرگانی و وزە دامەزراوە، ئەویش لەڕێی ھەندێک دەستپێشخەری و پرۆژەوە، لە سەروو ھەمووشیانەوە دەستپێشخەریی ڕێگا و پشتێن، سەرەڕای ئەو ھاریکارییە سەربازییەی لەنێوان دەوڵەتانی کەنداو و ھەندێک دەوڵەتی دیکەی ناوچەکەدا ھەیە. مەودای ئەم ھاریکارییەی چین ناگاتە ئاستی دروستکردنی بنکەی سەربازی یان بەستنی ڕێککەوتنی بەرگریکردن لێیان، وەک ئەوەی لەنێوان ئەوان و ئەمریکادا ھەیە، ئەمەش تەنھا پەیوەندی بە سیاسەتی ئاشتیخوازانەی چینەوە نییە، بەڵکو پەیوەندی بە توانای سەربازیی چینیشەوە ھەیە کە تا ئەمڕۆش لەو ئاستەدا نییە.
بابەتی پێشتر

ئێوارانی بازاڕی سلێمانی

بابەتی دواتر

چی بەسەر لەشتدا دێت کاتێک زیاد لە پێویست بیردەکەیتەوە؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ڕوسیا: ئۆكرانیا چەكی بایۆلۆژی هەیە
ئەمریكا: ئەو بانگەشەیە درۆیە و ڕوسیا دەیەوێت چەكی كیمیایی لە ئۆكرانیا بەكاربهێنێت

ڕوسیا دەڵێت، “ئۆكرانیا چەكی بایۆلۆژی دروستدەكات”، پرسیارەكان ئەوانەن كە بانگەشەكانی ڕوسیا سەبارەت بە بوونی چەكی بایۆلۆژی لە ئۆكرانیا…
Total
0
Share