بۆریس جۆنسن: پێویستە پشتبەستن بە گازی ڕوسیا هەرئێستا كۆتایی بێت

بۆریس جۆنسن سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی دەستبەرداربوون لە ‏نەوت و گازی ڕوسیا کارێکی گران دەبێت بۆ دەوڵەتان، بەڵام کارێکی گرنگە لەپێناو ‏خۆلادان لە گێچەڵەكانی ڕوسیا و پوتین.‏

جۆنسن لە وتارێکیدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە بەر لە سەردانەکەی بۆ سعودیە، لە ڕۆژنامەی ‏‏” تێلێگراف” بڵاویکردووەتەوە، نووسیویەتی، “تا بۆمبباران بەردەوامبێت، نرخی نەوت و ‏گازیش بەرزدەبێتەوە، ئەمەش واتا گیرفانتان پارەی کەمتری تێدا دەبێت و (ڤلادیمێری ‏سەرۆکی ڕوسیا)ش پارەی زیاتری دەبێت، ناتوانین بەمجۆرە بەردەوام بین، جیهان ‏ناتوانێت ملکەچی ئەم گێچەڵە نەبڕاوەیە بێت”.‏

جۆنسن پێیوایە، خۆرئاوا “هەڵەیەکی گەورە”ی کردووە، كاتێك ساڵی 2014 مۆسکۆ ‏نیمچەدوورگەی کریمیای داگیركرد، بەڵام جیهان هەر بەردەوامبووە لە پشتبەستن بە نەوت ‏و گازی ڕوسیا. سەرۆك وەزیرانەكەی بەریتانیا بە گلەییەوە دەڵێت،”پەیوەندییە ئابورییەکان ‏نەک تەنیا بەردەوام بوون، بەڵکو چڕتریش بوونەوە، کاتێک خۆرئاوا کڕینی گازی ‏ڕوسیای لە هەموو کاتێک زیاتر کرد، ئەمەش وایکرد زیاتر ناچار بێت پشت بە نیازپاکیی ‏پوتین ببەستێت و زیاتریش لەبەردەم مەترسیی هەڵکشان و داکشانی نرخی نەوت و گازدا ‏بێت”.‏

جۆنسن پێشی وایە، کاتێک پوتین ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكەی سەر ئۆکرانیای بەرپاکرد، ‏‏”دەیزانی کە سزادانی کارێکی سەخت دەبێت بۆ دەوڵەتانی جیهان، دەیزانی کە دۆخێکی ‏هاوشێوەی ئالوودەبوونی هێناوەتە ئاراوە”.‏

بۆیە دووپاتیدەكاتەوە، “تاکو خۆرئاوا لەڕووی ئابورییەوە پشت بە پوتین ببەستێت، ئەوا ‏ناوبراو هەموو توانای خۆی دەخاتەگەڕ بۆ بەکارهێنانی ئەم پشتپێبەستنە، هەر لەبەر ‏ئەمەشە پشتپێبەستنەكە دەبێت کۆتایی پێبێت، هەر ئێستا کۆتایی پێدێت”.‏

سەرۆک وەزیرانەكەی بەریتانیا نووسیویەتی، “ئەگەر جیهان بتوانێت پشتبەستن بە نەوت ‏و گازی ڕوسیا ڕابگرێت، ئەوسا ئێمەس دەتوانین سەرچاوە داراییەکانی پوتین ڕابگرین و ‏ستراتیژەکەی هەڵبوەشێنینەوە و قەبارەی کەمبکەینەوە”.‏

ئاشكراشیكرد، بەریتانیا پلان بۆ قەدەغەکردنی هاوردەکردنی نەوتی ڕوسی دادەنێت، تاکو ‏بە هەمان ڕێگای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریكادا بڕوات، هەروەها هاوڕای یەکێتیی ‏ئەوروپاش بوو، کە دەیەوێت هایدرۆکاربۆنەکانی روسیا “وەلابنێت”.‏

جۆنسن پێیوایە، “تاکە ڕێگا” بۆ ئەوەی ڕوسیا “ڕێزی یاسای نێودەوڵەتی بگرێت”، بریتییە ‏لە “ڕاگرتنی بەکاربردنی بەربڵاوی بەرهەمە هایدرۆکاربۆنییەکانی ڕوسیا” و ‏جەختیکردەوە، ئەم ستراتیژی ڕەتکردنەوەیە سەرناگرێت “ئەگەر هەمووان پابەندی نەبن”، ‏بەڵام هاوکاتیش هۆشداریی دا کە هەنگاوێکی لەم جۆرە “ئازاردەر” دەبێت.‏

سەرچاوە: تێلێگراف

بابەتی پێشتر

نەوت بەڕێژەی 8% دابەزی و گەیشتە خوار 100 دۆلار

بابەتی دواتر

خشتەی مووچە گۆڕدرا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share