پۆلیسی هەولێر ڕایدەگەیەنێت، كەسێك بە تۆمەتی بڕینی دوو ماركێت و دزینی 10 ملیۆن و 350 هەزار دینار دەستگیركراوە.
بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە 14ی تشرینی یەكەم بڵاویكردەوە، بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان/ نوسینگەكانی باكوور و ڕۆژئاوا، پاش ئاگاداركردنەوەیان لە بڕینی دوو ماركێت، دەستبەجێ تیمێكی لێكۆڵینەوەیان پێكهێنا و لە ماوەی دوو كاتژمێردا كەسێكیان بە ناوی (ك.ح.س) بە تۆمەتی بڕینی ماركێتەكان، دەستگیركرد.
ڕوونیشیكردەوە، “یەكێك لە ماركێتەكان دەكەوێتە گەڕەكی دۆلاراوە و ئەوەی دیكەش لە گەڕەكی سەربەستی 32ی پاركە، تۆمەتبار بڕی 8 ملیۆن و 150 هەزار دینار و كارتی مۆبایل بە بڕی 2 ملیۆن دینار و هەروەها كۆمەڵێك كەلوپەلی ماركێتەكانی بە بڕی 200 هەزار دینار دزی بوو، لە هەمان كاتیشدا جامی دوو ئۆتۆمبێلی شكاندبوو”.
پۆلیسی هەولێر ئاشكراشیكرد، تۆمەتبار دانیاناوە بە تاوانەكەیدا و بەپێی مادەكانی (443) و (444) لە یاسای سزادان، ڕاگیرا و ڕادەستی دادگا كرا.