ڤاسکێز: دەترسم ڕۆژێک لەخەو هەستم و نەتوانم بچم بۆ ڤالدیباس ڕاهێنان بکەم

یاریزانی یانەی ڕیاڵ مەدرید، لوکاس ڤاسکێز بەشداری لە بەرنامەی “لەگەڵ ڤاڵدانۆ” دەکات، لەبارەی داهاتووییەوە چەندین زانیاری نەبیستراو دەدرکێنێت.

ئەمەش کورتەیەکە لە چاوپێکەوتنەکە کە لە ڕۆژنامەی مارکاوە بڵاوکراوەتەوە:

 

دانوستاندنەکان لەبارەی داهاتووتەوە چۆن بەڕێدەکات، هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوە لەئارادایە؟

من ئارامم، فەلسەفەی من بەشێوەیەکە بە ئارامی و لەسەرخۆییەوە مامەڵە لەگەڵ هەموو شتەکان دەکەم، من لە باشترین یانەی جیهانم، با بزانین چی ڕوودەدات.. ئەوە هەموو شتێکە، بەم نزیکانە بڕیاری کۆتایی دەبیستین و زۆریش هەست بە خۆشەویستی مەدریدێستا دەکەم، شانازییان پێوەدەکەم.

 

لە سەردەمی ڕافا بینیتێز گەڕایتەوە و لە سەردەمی زێدان گەیشتیتە ترۆپکی تواناکانت..

ڕاستە، بینیتێز منی گەیاندە پێکهاتەی ڕیاڵ، ئەوکاتە لە بەرشلۆنە بۆ یانەی ئیسپانیۆل بە خواستن یاریمدەکرد، قسەی لەگەڵدا کردم و وتی، دەمەوێت بتگەڕێنمەوە بۆ مەدرید، بەڵام لەگەڵ زێدان فێری ئەوەبووم چۆن ببم بە پاڵەوان، ڕۆژانە پەیوەندیمان هەبوو و متمانەی پێبەخشیم، ئامێزی گەرم و زەردەخەنە نەرمەکەی خۆشەویستی پێدەبەخشین، هیچ یاریزانێک بەدیناکەیت لەگەڵ زێدان قسەی نەکردبێت و بەختەوەر نەبێت.

 

لە وەرزی 2015/2016وە تاوەکو ئێستا چی گۆڕاوە؟

من یاریزانێکم هەمیشە بەرز دەڕوانم، یاریزانی تۆپی پێ هەرگیز لە فێربوون و وەرگرتنی ئەزموون ناوەستێت، ئێستا هەستدەکەم یاریزانێکی باشترم، یاریدەکەم و تاموچێژی لێوەردەگرم.

 

بینیتێز منی گەیاندە پێکهاتەی ڕیاڵ، بەڵام لەگەڵ زێدان فێری ئەوەبووم چۆن ببم بە پاڵەوان

 

لە ماوەی شەش ساڵدا بەچەندین نشێویدا تێپەڕتکرد، چۆن ئەو بارودۆخانەت تێپەڕاند؟

ئەوە دنیای تۆپی پێیە، ڕوبەڕوی چەندین ڕەخنە و پیاهەڵدانبوومەوە، بەڵام من هەمیشە هاوسەنگبووم، ئەوەی ڕوودەدات کاریگەری لەسەرم دروستناکات، چونکە من تەنها گرنگی بەوە دەدەم کە خێزانەکەم پێمدەڵێن، کاتێک هەستدەکەیت هاوڕێکانت، یانە و ڕاهێنەرەکەت گرنگیت پێدەدەن، چیتر توانای بەردەوامبوون و بەرەوپێشچوونت بەهێزتر دەبێت، ئەگەر لە ڕیاڵ هەست بە گرنگی بکەیت شتێکی زۆر ناوازە و جوان دەبێت.

 

چۆن خۆت لە هەموو ئەو پێگانەدا گونجاند، کە ڕاهێنەری بۆتی دیاریدەکردیت؟

لە یاریزانێكی باڵی هێرشبەرییەوە بووم بە بەرگریکاری باڵی ڕاست، تاوەکو ئێستاش دەتوانم لە باڵی هێرشبەری یاریبکەم، من یاریزانی باڵەکانم، بەڵام تۆپی پێ بەرەوپێشدەچێت و ئەگەر یاریزانێک تەنها بە پێیەک لە جەمسەرێکەوە یاریبکات هەرگیز ناتوانێت ئەزموون وەربگرێت و بەرەوپێشبچێت، گۆڕینی پێگەکانم ئەزموونی زۆری پێبەخشیم و لە هەموو ئەو ئەرکانەی پێیانڕاسپاردم بەختەوەربووم، هاوشانی هاوڕێکانم لەناو یاریگا چێژم وەرگرت.

 

لەم وەرزەدا ڕۆڵێکی باشت بینی، بەڵام لە کاتێکی هەستیاردا تووشی پێکان بوویت، هەستت بەچی کرد؟

هەر جارێک بچمە ناو یاریگا هەوڵدەدەم ئەوپەڕی تواناکانم بەگەڕبخەم، لەسەرەتاوە وامدەزانی تەنها لێدانێکە ئاڕاستەمکراوە، بەڵام دوای پشکنینەکان دەرکەوت بەوشێوەیە نییە، پێکانەکەم زۆر خراپ بوو، دوای شەش هەفتەی دیکە ستافی پزیشکی ڕێگەی گەڕانەوەم پێدەدەن، بەڵام کاتێکی دیاریکراو بۆ گەڕانەوەم نییە، ئەوە پێکانەکانە، کاتی نییە و لەکاتی گونجاودا تووشی نابیت، هەرگیز ڕوونادات بەخۆت بڵێیت، “قەیناکە لە کاتێکی گونجاودا تووشی پێکان بووم”، هەر کاتێک پێکرایت خراپە، بەڵام ئەوە تۆپی پێیە و ئەم شتانە بە بەردەوامی ڕوودەدەن.

 

چانسی ئەوەت هەبوو بانگهێشتی هەڵبژاردەی ئیسپانیا بکرێیت، بەڵام ئەو چانسەشت بەهۆی پێکانەوە لەدەستدا؟

بەداخەوەم لە پاڵەوانێتیەکی گەورە لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەم نابم، بەڵام ئەوپەڕی هەوڵدەدەم لە بۆنەیەکی دیکەدا بەشداریبکەم، یاریکردن بۆ هەڵبژاردە ئاستێکی ترە، لە هیچ پاڵەوانێتیەکی گەورە نەمتوانیوە لەگەڵیاندابم، هەستدەکەیت لە ماوەی ڕێکخستنی پاڵەوانێتییە گەورەکەدا (یورۆ) هەمووان یەکیانگرتووە.

 

لە ئێستادا لە چ شتێک دەترسیت؟

زۆر لەوە دەترسم ڕۆژێک لەخەو هەستم و نەتونم بچم بۆ ناوچەی ڤاڵدیباس مەشقوڕاهێنان بکەم، چونکە هەستدەکەم پەیوەندییەکی تایبەتیم لەگەڵ تۆپی پێدا هەیە، وا هەستدەکەم لە جیهانی ئابووری و بەڕێوەبردنی کاردا کاردەکەم، پەیوەندییەکەم لەگەڵ تۆپی پێ بەم جۆرەیە.

بابەتی پێشتر

گواردیۆلا.. هەندێجار فەلسەفەی زیادە زیانت لێدەدات

بابەتی دواتر

بازاڕەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراق بە ڕووی جوتیارانی هەرێمی کوردستان كرانەوە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

کەین بۆ بایرن میونشن

ئیدارەى تۆتنهام بە دواین گرێبەستی یانەى بایرن میونشن ڕازی بووە بۆ دەستبەرداربون لە هاری کەین. دواین گرێبەستی یانەى…
Total
0
Share