گواردیۆلا.. هەندێجار فەلسەفەی زیادە زیانت لێدەدات

هەمیشە میدیاکان ئاماژە بە کارامەیی پێپ گواردیۆلا دەکەن لە ڕووەکانی تاکتیکی و پلاندانانەوە، چونکە ڕاهێنەرەکە بەوە ناسراوە بەرامبەر هەر یانەیەک بیرۆکە و پلان و خوێندنەوەی تایبەتی هەیە.

ڕاهێنەرە کەتەلۆنییەکە لە ئێستادا وەک باشترینی بواری تاکتیک ناودەبرێت، هۆکارەکەش بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە کە لەگەڵ یانەکانی بەرشلۆنە و بایرن میونشن و مانچستەر سیتی توانیویەتی کۆنتڕۆڵی خولە ناوخۆییەکان بکات.

سەرباری زیرەکیی زۆر و خوێندنەوە ناوازەکانی، بەڵام لە یاری کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکان بەرامبەر کارامەیی تۆماس توخێلی ئەڵمانی شکستیهێنا.

هەڵەکانی چی بوون؟

توخێل یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگی بە پلانی (3-4-2-1) ئەنجامدا، جەمسەرەکانی یاریگای بە ڕیس جەیمس و سیزار ئازپیلیکوێتا لە باڵی ڕاست و بن چیلویڵ و ئانتۆنی ڕۆدیگێر لە باڵی چەپەوە بەتەواوی بەڕووی هێرشبەرانی سیتیدا داخست.

لە هێڵی ناوەند هەریەک لە نگۆلۆ کانتی و جۆرجینیۆی بەکارهێنا، ئەم دوو یاریزانەش بەردەوام لەلایەن مەیسن ماونت و کات هاڤێرتزەوە یارمەتیدەدران.

لە بەرامبەردا گواردیۆلا بە پلانی (4-3-3) یاریکرد و هەڵەیەکی گەورەی کرد..

بەهۆی بوونی کانتی و جۆرجینیۆ، زۆرینەی شرۆڤەکاران پێیانوایە دەبوو گواردیۆلا یەکێک لە ڕۆدری، یاخود فێرناندینیۆ بەگەڕبخات، بەڵام بە پێچەوانەوە تەنها پشتی بە گۆندوگان و فیڵ فۆدین و سیلڤا بەستووە، کە سەرجەمیان هێرشبەرین لەبەردەم هێڵی هێرشبەری پێکهاتوو لە دی برۆین و ستێرلینگ و مەحریز.

چی ڕوویدا؟

نەبوونی ناوەندکارێک بە خەسڵەتی بەرگریکاریی، دەرفەتی بۆ کانتی و جۆرجینیۆ ڕەخساند لە ماوەی 90 خولەکی یاسایی یارییەکەدا چەندین تۆپ لەناوەندی یاریگای سیتییەوە بپچڕێنن، تەنانەت توانیان هاوسەنگی باشتر لە یارییەکانی دیکە بەدەستبهێنن.

هەروەها کاری ناوەندکارانی مانچستەر سیتییان قورسکرد، بەتایبەت کاتێک تۆپ دەکەوتە نێو پێی یاریزانانی سیتی.

هەڵەی دیکە

شارەزایان پێیانوایە، نەبوونی هێرشبەرێکی سەرەڕم ئەرکی کانتی و ناوەندکارانی چێڵسی ئاسانکردووە، چونکە یاریزانێک نەبووە بتوانێت بە باشترین شێوە هێرشەکان کۆتایی پێبهێنێت.

بەهۆی نەبوونی هێرشبەرێکی سەرەڕم لە نمونەی ئەگوێرۆ، بەرگریکارانی چێڵسی باشتر سەرنجیان لە هێرشەکانی سیتی دەدا و تەنانەت بەشداربوون لە پڕۆسەی بونیادنانی هێرشە هەڵگەڕاوەکانیشدا، بۆیە لەدوای بەکارخستنی فێرناندینیۆ و ئەگوێرۆ و گۆڕینی شێوازی یاریکردن سەنگی یارییەکە کەوتەوە بەلای شینە ئاسمانییەکاندا، بەڵام بەهۆی کەمی کاتەوە دەرفەت هێرشەکانیان چڕتر بکەنەوە.

بابەتی پێشتر

داوای بەکارهێنانی بەپەلەی ڤاکسینە ئێرانییەکە دەکرێت

بابەتی دواتر

ڤاسکێز: دەترسم ڕۆژێک لەخەو هەستم و نەتوانم بچم بۆ ڤالدیباس ڕاهێنان بکەم

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share