سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە ئاهەنگێكی نهێنیدا هاوسەرگیریی كرد

جۆنسن پێشتر دوو جار هاوسەرگیریی كردووە

بەپێی میدیاكانی بەریتانیا، بۆریس جۆنسن سەرۆك وەزیرانی ئەو وڵاتە ڕۆژی شەممە لە “ئاهەنگێكی نهێنیدا” هاوسەرگیریی لەگەڵ كاری سیمۆندز-ی دەزگیرانیدا كردووە.

جۆنسن، كە بە ژیانە سۆزدارییەكەی بەناوبانگە و تەمەنی 56 ساڵە، هاوسەرگیری لەگەڵ سیمۆندز-ی تەمەن 33 ساڵ كردووە لە یەكێك لە كڵێساكاندا بە ئامادەبوونی كەس و هاوڕێ نزیكەكانی، وەك ئەوەی هەردوو ڕۆژنامەی (میل ئۆن سەندەی) و (زە سەن) بڵاویانكردووەتەوە.

جۆنسن دەبێتە دووەم سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لەماوەی ویلایەتەكەیدا هاوسەرگیری بكات، پاش ڕۆبەرت جینكینسۆن، كە بەر لە دوو سەدە سەرۆكایەتیی وەزیرانی لە ئەستۆدابوو و ساڵی 1822 لەكاتێكدا لە پۆستەكەیدا بوو، هاوسەرگیریی كرد.

جۆنسن و كاری لە كانونی یەكەمی 2019 دەزگیراندارییان ڕاگەیاند و لەئێستادا منداڵێكی تەمەن یەك ساڵیان هەیە.

بەپێی (میل ئۆن سەندەی) ئاهەنگەكە بە ئامادەبوونی 30 كەس بووە، كە ئەوەش ئەوپەڕی ژمارەی ڕێگەپێدراوە بەهۆی ڕێوشوێنەكانی تایبەت بە كۆرۆناوە.

جۆنسن پێشتر دوو جار هاوسەرگیریی كردووە و چوار منداڵی لە مارینا ویلیر-ی پارێزەر و هاوسەری پێشووی هەیە، كە لە ساڵی 2018 لێی جیابووەوە.

دەوترێت جۆنسن كچێكی دیكەشی لە پەیوەندییەكی سۆزداریی پێشوو هەیە، كاتێكیش لە ساڵی 2019 هەڵبژێردرا، بووە یەكەم سەرۆك وەزیرانی بەریتانیا لە داونینگ ستریت لەگەڵ هاوبەشی ژیانی بەبێ بوونی هاوسەرگیری لەنێوانیاندا بژی.

سیمۆندز، كە سەرۆكی پێشووی پەیوەندییەكان بووە لە پارتی پارێزگاران، بە چەند هەفتەیەكی كەم پاش دەرچوونی جۆنسن لە ژووری چاودێریی ورد پاش توشبوونی بە كۆرۆنا، منداڵەكەی بوو.

لەم چەند هەفتەیەی دواییشدا لێكۆڵینەوەیەك لە بارەی تێچووی زۆری نوێكردنەوەی دیكۆری شوقەكەی جۆنسن و هاوژینەكەی لە داونینگ ستریت بووە پرسێكی گەرمی وڵاتەكە.

س: ئەلحورە

بابەتی پێشتر

لە دوبز و سنوری خانه‌قین داعش هێرشیكردە سەر هێزە عێراقییەكان

بابەتی دواتر

ئەمڕۆ شاندی هەرێم دەچێتە بەغداد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share