هاوسەرۆکانی یەکێتی بۆ هاوپەیمانان: بوونی ستراتیژێکی نوێ بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی تیرۆر پێویستە

هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان، گرنگیی ھەماھەنگیی ئەمنیی ھاوبەشیان لە نێوان ھێزەکانی پێشمەرگە و عێراق و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی تیرۆر دووپاتکردەوە و داوایان لە هاوپەیمانان کرد بەشدارییان لە ژوورە هاوبەشە ئەمنییەکاندا هەبێت.

بافڵ تاڵەبانی و لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ هەینی پێشوازییان لە ڕیچارد بێڵ، جێگری فەرماندەی گشتیی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق و سوریا کرد و لە کۆبوونەوەیاندا دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکان تاوتوێکران و گرنگیی پتەوکردنی ھەماھەنگیی سەربازی و ئەمنیی نێوان ھەردوولا دووپاتکرایەوە بە تایبەت لە بوارەکانی پڕچەککردن و ڕاھێنان و پەرەپێدانانی توانا سەربازییەکان بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی پاشماوەکانی داعش و سەقامگیرکردنی ئاسایش و ئارامی لە ناوچەکە.

هاوسەرۆکانی یەکێتیی هۆشدارییان لە مەترسییە بەردەوامەکانی داعشدا لە هەریەکە لە عێراق و سوریا و جەختیان لە پێویستیی ستراتیژێکی نوێ بۆ ڕوبەڕووبوونەوەی تیرۆر کردەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا هاوسەرۆکان جەختییان لە پێکھێنان و چالاککردنی ژووری ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان کردەوە و داواشیان لە ھێزەکانی ھاوپەیمانان کرد ڕۆڵی زیاتر بگێڕن و بەشداربن لە ژوورە ھاوبەشە ئەمنییەکاندا.

هەر لەو دیدارەدا باس لە یەکگرتنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە کرا و هاوسەرۆکان بەردەوامیی هەوڵەکانیان بۆ یەکگرتنەوەی ھێزەکانی پێشمەرگە لەسەر بنەمای ھاوسەنگی و شەراکەت بە لەبەرچاوگرتنی ئینتیمای نیشتمانی و بەرژەوەندیی گشتی دووپاتکردەوە.

هەردوو هاوسەرۆک ڕایانگەیاند، “یەکێتی ھەموو ھەوڵێک دەدات بۆ پێکھێنانی ھێزێکی یەکگرتووی مەشقپێکراوی نیشتمانیی کوردستانی کە پارێزەری خاک و گەلەکەمان بێت”، پشتیوانی و ھاوکاریی ھێزەکانی ھاوپەیمانانیشیان لەو ڕووەوە بە پێویستزانی.

لە بارەی پرۆسەی سیاسی لە عێراق و پێشھاتەکانی ئەمدواییەی بەغدا، ھاوسەرۆکان چارەسەرکردنی سیاسیانەی تەواوی کێشەکان و لابردنی بەربەستەکانی بەردەم سەقامگیری سیاسی و ڕەوینەوەی گرژییەکان بە تایبەت لەم دۆخەدا کە بەرەو ھەڵبژاردنی پێشوەختە ھەنگاو دەنێین بە پێویست ناوبرد.

ڕاشیانگەیاند، “پێویستە زەمینەی لەبار بۆ ھەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد فەراھەم بکرێت”.

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بانکی ناوەندی لیژنەیەکی دیکەی وردبینی لەسەر بانکی کوردستان پێکھێنا

ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران رایدەگەیەنێت، بانکی ناوەندیی عێراق لیژنەیەکی دیکەی وردبینی لەسەر بانکی کوردستان پێکھێناوە. سۆران عومەر، ئەندامی ئەنجومەنی…
Total
0
Share