ساركوزی تۆمەتبارە بە پێكهێنانی باندی تاوانكاری بۆ بەدەستخستنی پارە

ساركوزی و قەزافی

تۆمەتی “پێكهێنانی باندی تاوانكاری” بە مەبەستی بەدەستخستنی پارە و وەرگرتنی پارە لە قەزافی، ڕوبەڕووی نیكۆلا ساركوزی، سەرۆكی پێشووتری فەرەنسا كراوەتەوە.

دادگای فەرەنسا، لێكۆڵینەوە لەگەڵ نیكۆلا ساركوزی سەرۆكی پێشووتری ئەو وڵاتە دا دەكات و بەمدواییانە، بۆ ماوەی چوار ڕۆژ بانگهێشتی دادگا كراوە و لێپێچینەوەی لەگەڵدا كراوە.
ساركوزی تۆمەتباركراوە بە “پێكهێنانی باندی تاوانكاری” لەپێناو بەدەستخستنی پارە بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن لە ساڵی 2007ـدا، دەسەڵاتی دادوەریی فەرەنسا، گومان دەكات ساركوزی ئەوكات پارەی لە موعەمەر قەزافی، سەرۆكی پێشووتری لێبیا وەرگرتبێت، بۆ ئەوەی لە هەڵمەتەكەیدا بۆ هەڵبژاردنی وەك سەرۆكی فەرەنسا، بەكاریبهێنێت.
نوێنەرایەتیی دارایی فەرەنسا بە ئاژانسی هەواڵی وڵاتەكەی ڕاگەیاندووە، جگە لەو سێ دۆسیەیەی لە ساڵی 2018ـدا بە تۆمەتەی تێوەگلان لە گەندەڵی، بەڕووی ساركوزی-دا كرابوونەوە، ئێستا ناوبراو تۆمەتێكی تری ڕوبەڕووكراوەتەوە، ئەویش پێكهێنانی باندی تاوانكارییە لەڕێگەی تیەیری غۆبیز، یاریدەدەری پێشووی ساركوزی، كە گومان دەكرێت ناوبراو پارەی لە ڕژێمەكەی قەزافی وەرگرتبێت و ساڵی 2007 بۆ سەرخستنی هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردنی ساركوزی بەكاریهێنابێت.
لە بەرامبەر ئەو تۆمەتانەدا، نیكۆلا ساركوزی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك نووسیویەتی، “شۆكبووم بەم تۆمەتە نوێیە، جارێكی تر بێتاوانیی خۆم سەلماند و بڕیارەكەی دادگا هیچ بەڵگەیەكی نییە بۆ بەدەستخستنی پارە بە ڕێگەیەكی نایاسایی.”
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا بەڵگەنامەیەكی سەردەمی هێلاری كڵینتن-ی بڵاوكردەوە، تیایدا كڵینتن ئەوكاتەی وەزیری دەرەوەی ئەمریكا بووە، باسی لەوە كردووە كە نیكۆلا ساركوزی سەرۆكی پێشووتری فەرەنسا، لە پێناو پارە و ئاڵتوونەكانی قەزافی دا، ڕژێمەكەی ناوبراوی ڕووخاند.

 

بابەتی پێشتر

هەڵە مێژووییەكان یان ڕیفراندۆم<br> چی كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانی گەڕاندەوە بۆ ژێر دەسەڵاتی ناوەند؟

بابەتی دواتر

یۆنان: توركیا دەستی لە هەموو گرژییەكانی ناوچەكە دا هەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share