دەستگیركردنی سەركردەیەكی حەشدی شەعبی ناكۆكی لە نێوان كازمی و حەشدا دروستدەكات

فەرماندەی ئۆپراسیۆنەکانی ئەنباری حەشدی شەعبی لەلایەن هێزێکی تایبەتەوە دەستگیرکرا و لایەنگرانی حەشدیش لە شەقامەكانی بەغداد گردبونەتەوە و داوای ئازادكردنی لە كازمی دەكەن.

بەگوێرەی میدیا عێراقییەكان بەهۆی دەستگیرکردنی قاسم موسڵح سەرکردەی حەشدی شەعبی بەماددەی 4ی تیرۆر، ناکۆکی لە نێوان دەستەی حەشد و مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق دروستبووە و بەو هۆیەشەوە ناوچەی سەوز لە بەغداد داخرا.

ئاماژەیان بەوەشكردووە،  سەركردەكەی حەشد، “تۆمەتبارە بە هێرشەكانی سەر بنكەی عەین ئەسەد و تیرۆرکردنی هەردوو چالاکوان فاهم تائی و ئیهاب وەزنی، لەگەڵ تۆمەتی زیانگەیاندن بە دارایی گشتی”.

هاوكات شانەی ئەمنی عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا ڕایگەیاندووە، “به‌ فه‌رمانی دادوەر و بەپێی ماددەی 4 ی یاسای تیرۆر، هێزێكی ئه‌منی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ تۆمه‌تبار قاسم موسڵحی ده‌ستگیركردووە، له‌ ئێستاشدا ڕاگیراوه‌ و له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شه‌وه‌ به‌پێی یاسا لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا دەكرێت”.

شانەی ئەمنی جەختی لەوەشكردوەتەوە، ئۆپه‌راسیۆنه‌كه‌ هیچ هێز و گروپێكی سه‌ربازی و ئه‌منی ناكاته‌ ئامانج.

لەلایەكی دیكەشەوە، لایەنگرانی حەشدی شەعبی كەمێك لەمەوبەر لە شەقامەكانی بەغداد گردبونەوە و داوای ئازادكردنی قاسم موسڵح یان دەكرد.

قاسم موسڵح یەکێکە لە سەرکردە دیارەکانی حەشدی شەعبی و نزیکبوە لە ئەبو مەهدی موهەندیس جێگری پێشوی سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشوی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share