لە ماوەی دوو مانگدا خاوەن ماتۆڕەکان لە کەلار سێ کارمەندی هاتوچۆ بریندار دەکەن

دیاردەی ماتۆڕسواری لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان ڕۆژ بەڕۆژ زیاتر دەبێت، بەهۆی زۆری ماتۆڕی بێسەرەتاوە لە گەرمیان و ڕاگرتنیان لەلایەن کارمەندانی هاتوچۆوە، تا ئێستا سێ کارمەندی هاتوچۆ لەلایەن خاوەن ماتۆڕەکانەوە بریندار کراون.

عەبدولرەحمان زەهاوی، وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان بە تۆڕی میدیای ئێستای وت، “لە ماوەی دوو مانگدا چوار کارمەندمان لەلایەن هاوڵاتییانەوە بریندارکراون، لەو چوار حاڵەتەش سێی پەیوەندی بە ماتۆڕەوە هەبووە”.

دوو مانگ پێش ئێستا کاتێک کارمەندێکی هاتوچۆی گەرمیان ماتۆڕێکی بێسەرەتا ڕادەگرێت و دەیەوێت بیگوازێتەوە بۆ بنکەکەیان، کەچی لە ڕێگەدا لەلایەن ماتۆڕسوارێکی دیکەوە لێی دەدرێت و بەسەختی بریندار دەکرێت، ئەمەش وتەی وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیانە.

لە تازەترین ڕوداودا دوێنێ کەسوکاری بەشێک لەو کەسانەی ماتۆڕەکانیان گیراوە، هەڵیانکوتایەسەر بنکەی هاتوچۆی کەلار و دوو کارمەندیان بریندارکرد.

وتەبێژی هاتوچۆی گەرمیان ڕایگەیاند، ئەمڕۆش جارێکی دیکە کاتێک کارمەندێکی هاتوچۆ بانگکراوە بۆسەر ڕوداوێکی هاتوچۆ، لەوێ لەلایەن یەکێک لەو کەسانەی توشی ڕوداوەکە بوون لێدراوە و بریندار کراوە، لەسەر ئەم ڕوداوەش چەند کەسێک دەستگیرکراون.

بەهۆی زۆری ماتۆڕسکیلی بێسەرەتاوە، لە مانگی ڕەمەزانەوە تا ئێستا لەلایەن هاتوچۆی گەرمیانەوە 200 ماتۆڕی بێسەرەتا دەستیان بەسەرداگیراوە.

بابەتی پێشتر

توێژینەوەیەک: ئەوانەی نیشانەکانی کۆرۆنایان بە سوکی تێدا دەرکەوتووە جارێکی دیکە تووش نابن

بابەتی دواتر

پەرلەمانتارێکی یەکێتی: ئەوەی لەسەر داهاتی سلێمانی دەوترێت خۆدزینەوەیە لە لێبڕینی موچە

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

بەرگریی شارستانیی سلێمانی هۆشداری دەدات و خەڵک لە مەترسیی ئاگرکەوتنەوە ئاگاداردەکاتەوە

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرگریی شارستانیی سلێمانی ڕێنماییەکانی خۆپاراستن لە ئاگرکەوتنەوە بڵاودەکاتەوە، بەهۆی ئەوەی لە وەرزی سەرمادا خەڵک ئامێرە گەرمکەرەوەکان…
Total
0
Share