لێبڕینی موچە و نەگەڕانەوەی داهات بۆ حكومەت، گرژیی خستە دانیشتنەكەی پەرلەمانەوە

دانیشتنی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستان لە تەوەری دیاریكراوی دانیشتنەكە لایدا، پرسی بەردەوامیی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران و هەروەها نەگەڕانەوەی داهاتەكانی ناوخۆ بووە جێی مشتومڕ، بۆ ماوەیەك دانیشتنەكەی پەرلەمان ڕاگیرا.

لە دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی كوردستاندا، كە لەسەر پرسی تاوانەكانی كوشتن و خۆكوشتنی ژنان بوو، بەهۆی ئەوەی، كە پەرلەمانتارێكی یەكێتی، داوای ڕوونكردنەوەی لە حكومەت و وەزارەتی دارایی كرد لەبارەی هۆكاری گۆڕانكاریكردن لەخشتەی پێدانی موچەی فەرمانبەران، پەرلەمانتارانی فراكسیۆنی پارتی و گۆڕان وەڵامی پەرلەمانتارەكەیان دایەوە، بەوهۆیەوە مشتومڕ لەنێوان ئەو پەرلەمانتارانە دروستبوو، دواتر بووە هۆی ڕاگرتنی دانیشتنەكە بۆ ماوەیەكی كاتی.

زیاد جەبار سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی، کە هاوکات سەرۆکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی كوردستانە، لە دانیشتنەكەی پەرلەماندا ڕایگەیاند، لە چوار مانگی ڕابردوودا سەرجەم داهاتە فەرمییەکان گەڕاوەتەوە خەزێنەی وەزارەتی دارایی.

وتیشی،” ئەوانەی باسی نەگەڕانەوەی داهات دەکەن لە بێ زانیارییەوە قسە دەکەن، چونكە وەزیری دارایی پێی ڕاگەیاندوین داهاتەکە دەگەڕێتەوە”.

هەروەها، کاروان گەزنەیی پەرلەمانتاری یەکێتی ڕایگەیاند، 70%ی داهاتی ئیبراهیم خەلیل ناگەڕێتەوە خەزێنەی حکومەت، ئەوەش کێشەی گەورەی دروستکردووە.

ئەو قسانەی پەرلەمانتارانی یەكێتی دوای ئەوە هات، لەماوەی ڕابردوودا ڕێبوار بابكەیی پەرلەمانتاری پارتی ڕایگەیاند، بە تیمی یەكێتی لە حكومەت وتراوە، داهاتی سلێمانی بگەڕێننەوە بۆ خەزێنەی حكومەت، بەڵام دواتر لوقمان وەردی جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی وەڵامی ئەو لێدوانەی دایەوە و دوپاتیكردەوە، لەگەڵ تیمەكانی یەكێتی و گۆڕان لە حكومەت قسەیكردووە و هەردووكیان ڕەتیانكردووەتەوە لەناو ئەنجومەنی وەزیراندا داوایەكی لەو شێوەیە لە یەكێتی كرابێت.

هەر لە دانیشتنەكەی پەرلەماندا، پێشەوا هەورامانی وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی قسەیكرد و وتی، “تا ئێوارەی دوێنێ 30% داهاتی دوو پارێزگا ڕەوانەی حکومەت کراوە، بۆیە خشتەی موچە گۆڕانکاریی بەسەردا هاتووە.

ناوبراو داواشیکرد لیژنەکانی دارایی و ناوخۆی پەرلەمان ڕابسپێردرێن بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوە بکرێت لەبارەی نەگەڕانەوەی داهاتی بەشێک لە پارێزگاکان بۆ حکومەت.

هاوكات عه‌لی حه‌مه‌ساڵح، پەرلەمانتاری گۆڕان لەسەر ئەو پرسە لەكۆبوونەوەكدا وتی، “به‌دواداچوونم بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران كردوه‌، ته‌نانه‌ت به‌ لێبڕینی 21%یشه‌وه‌، پاره‌ نیه‌ بۆئه‌وه‌ی دابه‌شبكرێت، ئه‌مه‌ ئه‌نجامی نه‌بوونی پاره‌ نیه‌، به‌ڵكو ئه‌نجامی ئه‌و گه‌نده‌ڵییه‌ رێكخراوه‌یه‌، كه‌ ده‌كرێت”.

بەشێكی دیكەی پەرلەمانتاران بەهەمانشێوە قسەیان لەسەر ئەو پرسە كرد، بۆیە لەسەر مشتومڕی پەرلەمانتاران، د.ڕێواز فایەق سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتی، “ئێمە لە بەرەیەك نین و ئێوەش لەبەرەیەك بن، ئێمەش وەك ئێوە حەزدەكەین موچە بەتەواوی دابەشبكرێت”.

دواتر سەرۆكی پەرلەمان بۆ ماوەیەكی كاتی كۆبوونەوەكەی هەڵگرت.

جیاواز لە مانگەكانی ڕابردوو، ئەمڕۆ دابەشكردنی موچەی تەنها وەزارەتێك دەستیپێكرد، بەبێ ئەوەی وەزارەتی دارایی هیچ ڕونكردنەوەیەكی لەسەر بدات.

بەپێی ئەو خشتەیەی لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ئاراستەی گەنجینەكان كراوە، ئەمڕۆ و سبەی تەنها موچەی وەزارەتی تەندروستی خەرجدەكرێت.

ئەمەش لەكاتێكدایە لە سێ مانگی ڕابردوودا لە 25ی هەموو مانگێك، بە دابەشكردنی موچەی چەند وەزارەتێك، دەست بە دابەشكردنی موچە دەكرا و لەماوەی نزیكەی پێنج ڕۆژدا موچەی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان دابەشدەكرا.

بەڵام بەپێی خشتە نوێكە، دابەشكردنی موچە لەم مانگەدا ماوەیەكی زیاتری پێدەچێت و زۆرێك لە وەزارەتەكان، درەنگتر لەچەند مانگی ڕابردوو موچە وەردەگرن.

حکومەتی هەرێم بۆ دابەشکردنی موچە بە لێبڕینی 21% پێویستی بە پێویستی بە 707 ملیار دینارە، بەوتەی بەرپرسانی حکومەت داهاتی ئێستا بەشی ئەوەناکات موچەی تەواوەتی دابەشبکرێت.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی نەوتی عێراق هەناردە و بڕی داهاتی نەوتی بۆ مانگی نیسان بڵاوکردەوە

بابەتی دواتر

چیرۆكی ئەو "چەتەییە"ی بیلاڕوسیا تێوەیگلاوە چییە؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

ئازاد محەمەد ئەمین: ئەو تانكەرانەی تانكیی سیستمی غازی ماڵان لە گەڕەكەكان پڕدەكەنەوە مەترسیدارن

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، ئەو تانكەرانەی تانكیی سیستمی غازی ماڵان لە گەڕەكەكان پڕدەكەنەوە بەشێكیان مەترسیدارن، هاوكات هۆشداریش…
Total
0
Share