چیرۆكی ئەو “چەتەییە”ی بیلاڕوسیا تێوەیگلاوە چییە؟

فڕۆكەكەی ڕایان ئەیر لەكاتی نیشتنەوەی ناچارانەی لە فڕۆكەخانەی مینسك

“ئەوەی ڕوویداوە چەتەییە بە چاودێری دەوڵەت” بەمجۆرە زۆرێك باسیان لەو ڕێگرییەكە كرد كە بیلاڕوسیا بەرامبەر فڕۆكەیەكی مەدەنی ئەنجامیدا و ناچاریكرد لە فڕۆكەخانەی مینسك-ی پایتەختیدا بنیشێتەوە، لەپێناو دەستگیركردنی ڕۆژنامەنوسێكی بەرهەڵسكاری ئەلیكساندر لۆكاچینكۆ-ی سەرۆكی وڵات.

بەڵام ئەوەی پرسیارە لێرەدا ئەوەیە، چۆن بیلاڕوسیا توانی پلانی كارەكە تا دەستگیركردنی ڕۆمان بروتاسیڤیچ-ی ڕۆژنامەنوس ئەنجامبدات؟

برۆتاسیڤیچ ڕۆژی یەكشەممە لەنێو فڕۆكەیەكدا بوو لە ئەسیناوە بۆ فیلنیۆس-ی پایتەختی لیتوانیا، بەر لەوەی فڕۆكەكەی كۆمپانیای (ڕایان ئەیر) ڕێگری لێبكرێت.

فڕۆكەكە كە 171 سەرنشینی هەڵگرتبوو، لەوەدابوو بگاتە شوێنی مەبەست بەر لەو ڕێگرییە.

پێدەچێت دەسەڵاتدارانی بیلاڕوسیا لەڕێی سیخوڕەكانیانەوە زانیارییان لەبارەی بوونی بەرهەڵسكارەكە لەسەر فڕۆكەكە هەبوبێت، وەك ئەوەی مایكڵ ئۆلێری سەرۆكی جێبەجێكاری كۆمپانیای فڕۆكەوانی ئێرلەندا ئاماژەی پێدەدات.

ئۆلێری ئەوەشی وت، كارەكە بەشێك بووە لە پلانگێڕییەك بۆ دەستگیركردنی ڕۆژنامەنوسە بەرهەڵسكارەكە و هاوڕێكەی، باوەڕی خۆیشی نیشاندا لەبارەی بوونی كارمەندانی هەواڵگریی بیلاڕوسیا لە فڕۆكەخانەی ئەسینا.

دوپاتیشیكردەوە، “پرسەكە بریتیە لە ڕفاندن بە چاودێریی دەوڵەت”.

ڕووداوەكە كاردانەوە و ئیدانەی بەرفراوانی جیهانی لێكەوتەوە، دوێنێ سەرانی یەكێتی ئەوروپا ڕەزامەندییان لەسەر ژمارەیەك سزا بەرامبەر بیلاڕوسیا دەربڕی، لەوانەش ڕێگری لە بەكارهێنانی ئاسمانی 27 وڵاتە ئەندامەكەی ئەوروپا و فڕۆكەخانەكانیان.

هەروەك جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا داوایكرد لێكۆڵینەوەیەكی نێودەوڵەتی ئەنجامبدرێت بۆ زانینی ڕاستی تەواوەتی پرسەكە. كاردانەوەكان بەهۆی ترسە لە پێدانی شەرعیەت بە دیاردەی ڕفاندنی فڕۆكە بە چاودێری دەوڵەت، كە پێشتر لەلایەن گروپە چەكدارەكانەوە ئەنجامدەدرا.

پێنج سەرنشین بێسەروشوێنن
لەلایەكی دیكەوە، لیتوانیا ڕایگەیاند، پێنج سەرنشین كە لەناو فڕۆكەكەدا بوون نەگەیشتوونەتە شوێنی مەبەستی خۆیان. ئەمەش گومانەكانی لەبارەی بوونی كارمەندی هەواڵگری لەناو فڕۆكەكەدا زیادكردووە.

بەپێی زانیارییەكانی سایتی (فلایت ڕادار) فڕۆكەكە لەوەدابووە كۆتایی بە گەشتەكەی بهێنێت، كاتێك لەلایەن دەسەڵاتدارانی چاودێریی جوڵەی ئاسمانی بیلاڕوسیاوە تیمەكەی لە ئەگەری بوونی بۆمب لەسەر فڕۆكەكە ئاگاداركراوەتەوە.

ڕاستەوخۆ پاش ئاگاداركردنەوەكەش، فڕۆكەیەكی جەنگی ڕەوانەكراوە بۆ گۆڕینی ئاراستەی فڕۆكەكە بۆ مینسك-ی پایتەختی بیلاڕوسیا، سەرەڕای ئەوەی نزیكترین فڕۆكەخانە نەبووە لێوەی.

كاتێكیش لە فڕۆكەخانەی مینسك نیشتووەتەوە، ڕۆژنامەنوسە بەرهەڵسكارەكە لەلایەن دەزگای ئاسایشی دەوڵەتی بیلاڕوسیاوە دەستبەسەركراوە.

ڕۆژنامەنوسە گەنجەكە (تەمەن 26 ساڵ) لە گرتەیەكی ڤیدیۆییدا كە لەلایەن دەسەڵاتداران پاش دەستبەسەركردنی بڵاوكرایەوە دان بە ڕێكخستنی خۆپیشاندانی گەورە لە مینسك لە ساڵی ڕابردوودا دەنێت، بەڵام سایتی ڕۆیتەرز لەسەر زاری باوكییەوە بڵاویكردەوە، دانپیادانانەكە لەژێر فشاردا بووە.

باوكی برۆتاسیڤیچ وتیشی، “ئەمانە قسەی ئەو نین، شێواز و تۆنی قسەكردنی ئەویش نین، دەتوانیت بیبینیت چەند لە ترسدایە”.

بیلاڕوسیا چی لەبارەی ڕووداوەكە دەڵێت؟
بیلاڕوسیا دوێنێ دوشەممە ڕایگەیاند، هەڕەشەیەكی ناڕاست لەبارەی بوونی بۆمب هۆكار بووە بۆ گۆڕینی ئاراستەی فڕۆكەكە بەرەو مینسك.

وتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەش وتی، وڵاتەكەی بەپێی ڕێوشوێنە نێودەوڵەتییەكانی تایبەت بە بوونی هەڕەشە لەسەر فڕۆكە مامەڵەی كردووە.

ڕۆمان برۆتاسیڤیچ كێیە؟
ڕۆژنامەنوسێكی بەڕەگەز بیلاڕوسی-یە و تەمەنی (26 ساڵە)، لە پێگەی ژمارەیی NEXTA كاریدەكرد كە بارەگاكەی لە پۆڵەندایە، كە تایبەت بوو بە بڵاوكردنەوەی هەواڵ و گرتەی ڤیدیۆیی دەربارەی ناڕەزایەتییەكان بەرامبەر ئەلیكساندەر لۆكاچینكۆ سەرۆكی بیلاڕوسیا لە ساڵی ڕابردوودا.

س: سكای نیوز عەرەبی

بابەتی پێشتر

لێبڕینی موچە و نەگەڕانەوەی داهات بۆ حكومەت، گرژیی خستە دانیشتنەكەی پەرلەمانەوە

بابەتی دواتر

زیاتر لە 850 توشبووی كۆرۆنا لە هەرێم چاكبوونەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share