وەڵامەکانی گریزمان پەیامێکی ناڕاستەوخۆ بوو بۆ کومان

ئەستێرە و هێرشبەری هەڵبژاردەی فەرەنسا و یانەی بەرشلۆنە، ئەنتوان گریزمان بە شانوباڵی دیدێر دیشامپی ڕاهێنەردا هەڵدەدات و دەڵێت، “دەزانێت لە چ پێگەیەکدا یاریم پێدەکات”.

دوای بردنەوەی هەڵبژاردەی فەرەنسا لە قۆناغی کۆمەڵەکانی “نەیشن لیگ” بە ئەنجامی دوو گۆڵ بە گۆڵێک بەرانبەر هەڵبژاردەی کرواتیا، گریزمان بە میدیاکانی ڕاگەیاند، ” یارییەکی قورسبوو، بۆ هاندەران چێژبەخش نەبوو، بەهەمان شێوە یاریزانان، هۆکارەکەش خراپی فرێزی یاریگا و ڕکابەرەکەمان بوو، کە بۆ بردنەوە هەوڵی بێوچانیان دەدا و ئەرکی ئێمەیان ئاڵۆزکرد”.

لەبارەی تۆمارکردنی گۆڵی یەکەمی لێس بلوس و شێوازی یاریکردنی لە پێکهاتەی دیدێر دیشامپ، گریزمان پەیامێکی ناڕاستەوخۆی ئاڕاستەی ڕۆناڵد کومانی ڕاهێنەری یانەی بەرشلۆنە کرد و ڕایگەیاند، ” لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەکەم هەستێکی ناوازەم هەیە، ڕاهێنەر دەزانێت لە کوێدا یاریم پێدەکات و منیش ئەو چانسەم قۆستۆتەوە و دەزانم بە چ شێوەیەک لە پێگەکەمەوە جموجۆڵ دەکەم، لەوەش گرنگتر متمانەی ڕاهێنەر و هاوڕێکانمە بە تواناکانم”.

هەروەها دەڵێت، ” ئەو گۆڵەی تۆمارم کرد یەکێکە لە جوانترین گۆڵەکان لە تەمەنی وەرزشیمدا، هەموو وزەی خۆم بۆ لێدانی تۆپەکە تەرخانکرد، بەهێزبوو، تەنانەت دەکرا بۆ دەرەوەی گۆڵ بڕوات”.

ڕۆژنامە ئیسپانییەکان پێیان وایە وەڵامەکانی “گریزۆ” پەیامێکی ئاشکرایە بۆ ڕۆناڵد کومانی ڕاهێنەری یانەی بەرشلۆنە، تیایدا داوای لێدەکات گۆڕانکاری لە پێگەکەیدا بکات بەو شێوەیەی لە فەرەنسا یاری پێدەکرێت، تاوەکو لە خولی ئیسپانیا لە ڕیزبەندی باشترینەکاندا جێگەی خۆی بکاتەوە.

بابەتی پێشتر

عێراق و هەرێم لەسەر كردنەوەی بنكەی هەماهەنگیی ئەمنیی هاوبەش ڕێككەوتن

بابەتی دواتر

کریستیانۆ بە فڕۆکەیەکی تایبەت گەڕایەوە بۆ تۆرینۆ

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دوایین چانس بۆ هازارد

بەڕێوەبەرانی یانەی ڕیاڵ مەدرید باوەڕیان بە گەڕانەوەی ئیدین هازارد نەماوە، لە بەرامبەردا ڕاهێنەر و یاریزانان پاڵپشتیدەکەن. ڕۆژنامەی موندۆ…
Total
0
Share