ڤیدیۆ.. بەهۆی گڕکانێکەوە شارێک لە کۆنگۆی دیموکرات چۆڵکرا

دوای نزیکەی 20 ساڵ لە خامۆشبوونی، گڕکانی چیای “نیراگۆنگۆ” لە کۆنگۆی دیموکرات تەقییەوە و ئەمجارەش بەهۆی گەورەیی گڕکانەکەوە، شاری “گوما” چۆڵکرا.

دانیشتوانی شاری گوما بەرەو وڵاتی ڕواندا-ی دراوسێ ئاوارەبوون و خۆیان لە ئاگر و دوکەڵ و گازی گۆگردی گڕكانەكە دەپارێزن.

وتەبێژێکی حکومەتی کۆماری کۆنگۆی دیموکرات لە کیشوەری ئەفریقا ڕایگەیاندووە، “بەناچاری بڕیاری چۆڵکردنی شاری گوما دراوە و دەبێت خەڵکەکەی بپارێزرێت لە تەواوی ئەو مەترسییانەی گڕکانەکەی نیراگۆنگۆ دروستیکردووە”.

سەرەڕای مەترسی لەسەر دانیشتوانی شاری گوما، گڕكانەکە مەترسییە بۆسەر باخچەیەکی ئاژەڵان، کە چەند گۆریلایەکی دەگمەنی تێدایە و بۆ پارێزگاری لە ڕەگەزیان لە باخچەکەدا ڕاگیراون.

شوێنی گڕکانەکە، کە دەکەوێتە شاخی نیراگۆنگۆ، لەماوەی نزیكەی 20 ساڵی ڕابردوودا هێندەی ئێستا توڕە و بەكوڵ نەبووە، ئەوەش دوای خامۆشبوونی لە ساڵی 2002 وەوە، کاتێک ئەو ساڵە گڕکانەکە چالاکبووەوە و نزیکەی 150 کەسی لە دەوروبەری خۆی سوتاند.

بەشێکی زۆری گڕکانەکان لە دەرەوەی ناوچەکانی نیشتەجێبوونن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە چەند دەیەی ڕابردوودا گیانی دەیان کەسی سەندووە، وەک ئەو ڕووداوەی ساڵی 1977 بەهۆی گڕکانەوە 600 کەس گیانیان لە دەستدا.

بابەتی پێشتر

نەتەوە یەکگرتووەکان و یەکێتیی ئەوروپا کۆنفرانسی ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق ڕێکدەخەن

بابەتی دواتر

ژیار قورەیشی، بە گۆرانییەک، هونەردۆستانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی بەخۆیەوە سەرقاڵکرد

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share