وتەبێژی كازمی لەبارەی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك قسە بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا دەكات

وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، هەماهەنگی باڵایان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە هەیە، لە بەڕێوەبردنی سەنتەرە هاوبەشەكان و پرسی ڕوبەڕوبوونەوەی داعشدا.

لیوا یەحیا ڕەسوڵ، وتەبێژی مستەفا كازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، لەم ماوەیەدا چەند كۆبوونەوەیەكی نێوان نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە و بەرپرسانی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان هەبووە لەبارەی پرسی هەماهەنگیی نێوان سوپا و پێشمەرگە.

وتیشی، “هێزەكانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی هێزی نیشمانيی عێراقدایە، پێكهێنانی ژوورە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانیش، كە تەواوی هێزەكانی دیكەی تێدایە، بوونی پێشمەرگەش لەو چوارچێوەدا گرنگە”.

باسیلەوەشكرد، “نوێنەرانی وەزارەتی پێشمەرگە لەو ژوورە ئۆپەراسیۆنانە، كە بڕیاری سەرۆك وەزیرانە، كاریان تەنها هەماهەنگی دەبێت لەگەڵ هێزە عێراقییەكان، لەبابەتی هەواڵگری و ڕوبەڕوبوونەوەی داعشدا”.

دەربارەی دەنگۆی گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ كەركوك و ناڕەزایەتیی بەشێك لە پێكهاتەكانی ئەو پارێزگایە، لیوا یەحیا ڕەسوڵ جەختی لەوەكردەوە، “ئەوەی لەگەڵ پێشمەرگە كراوە، تەنها بۆ پرسی داعش و ڕوبەڕوبوونەوەی تیرۆرە، نەك گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ سنوورەكانی پێشتر، بەڵام گرنگە بۆ هەردوولا، چونكە داعش دوژمنێكی هاوبەشی هەردوولایە”.

دەشڵێت، “ئەوە بڕیاری سەرۆك وەزیرانە و پێشمەرگەش بەشدارە لەژووری ئۆپراسیۆنەكانی كەركوكدا و كۆبونەوەكەی سبەی بۆ هەمان مەبەستە، لەئایندەیەكی نزیكیشدا هەماهەنگیی زیاتر لەگەڵ پێشمەرگە دەكەین بۆ پڕكردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەكان”

دەربارەی ئەوەی، ئایا ئۆپراسیۆنی هاوبەش لەو سنوورانە ئەنجامدەدەن، كە بۆشایی ئەمنی لەنێوان هێزە عێراقییەكان و پێشمەرگەدا هەیە، وتەبێژەكەی كازمی ئاشكرایكرد، “ڕەنگە ئۆپراسیۆنی هاوبەش ئەنجام بدەن، بەڵام لە ئێستادا ئەوان زیاتر هەماهەنگییەكەیان لەچوارچێوەی هەواڵگری و ئاڵوگۆڕكردنی زانیاریدایە”.

یەحیا ڕەسوڵ ئاشكراشیكرد، هەماهەنگی و پەیوەندییان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستان لەبواری سەربازیدا لەئاستێكی باشدایە.

دەربارەی هێرشەكانی توركیا بۆسەر هەرێمی كوردستان، وتەبێژەكەی كازمی ڕایگەیاند، “هەماهەنگیی زیاتر دەكەن لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەر ئەو پرسە، بەڵام لە ئێستادا بابەتی سەرەكییان پرسی ڕوبەڕوبوونەوەی داعشە، چونكە ئێمە نامەناوێت بەئاڕاستەی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا، داعش جموجۆڵ یان كردەوەی تیرۆریستی ئەنجام بدات”.

بابەتی پێشتر

مەسرور بارزانی بۆ دانانی بەردی بناغەی چەند پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی سەردانی سلێمانی دەکات

بابەتی دواتر

کلۆپ لەسەر (نەفرۆشتنی گەورەکان) لەگەڵ سەرۆکایەتیی لیڤەرپوڵ ڕێککەوتووە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share