ماکرۆن جارێکی دیکە تورکیا تۆمەتبار دەکات

ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەرەنسا ڕایگەیاند، تورکیا بەشێوەیەکی تاکلایەنە و بەبێ گەڕانەوە بۆ هاوپەیمانەکانی ڕەفتار دەکات، ئەمەش زیان بە هاوپەیمانێتیی ناتۆ دەگەیەنێت.

ئیمانوێل ماکرۆن ئەمڕۆ هەینی داوای لە هاوپەیمانێتیی باکوری ئەتڵەسیی ناسراو بە (ناتۆ) کرد زیاتر پێکەوە و بە هاوبەشی کاربکەن، ڕەخنەی توندی لە تورکیا گرت کە بەشێوەیەکی یەکلایەنە ڕەفتار دەکات و بەمەش زیان بە هاوپەیمانەکانی دەگەیەنێت.

دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ یەنس ستۆلتنبێرگ ئەمینداری گشتیی ناتۆ لە کۆشکی ئیلیزێ، سەبارەت بە کۆبوونەوەی داهاتووی هاوپەیمانێتییەکە لە بەرواری 14ی حوزەیران لە برۆکسل، ماکرۆن وتی، “پێویستە لێکتێگەیشتمان هەبێت بۆ زیاتر کارکردنی هاوبەش و کاری پێکەوەیی هاوپەیمانێتییەکە”.

ماکرۆن جەختیکردەوە، ئەوان ڕێككەوتوون لەسەر ئەرک و بەرپرسیارێتیی هاوبەش، بەمانای ئەوەی سەرجەم ئەندامانی هاوپەیمانێتییەکە بەڵێنیان داوە ڕیز لە یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی بەشێوەیەکی ڕوون بگرن.

سەرۆکی فەرەنسا ئاماژەی بەوەکرد، “نابێت بەرژەوەندیی تاکی وڵاتێک دژبێت لەگەڵ ئەندامانی دیکەی هاوپەیمانێتییەکە، بەتایبەت بەرژەوەندییە ئەمنییەکان، وەک ئەوەی تورکیا لە هەریەکە لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و لیبیا و قەوقاز ئەنجامیدا، کە دژیەک بوو لەگەڵ سەرجەم بەرژەوەندییەکانی ئەندامانی دیکەی ناتۆ.

داواشیکرد، سەروەریی ئەوروپا لە بواری بەرگریدا زیاتر بکرێت، ترسی خۆشی نیشاندا لەوەی هەندێک لە وڵاتان لەسەر حسابی ئەندامانی دیکەی ناتۆ ئەو کارە بکەن.

بابەتی پێشتر

وەزارەتی کارەبا: دانانی پێوەری زیرەک بۆئەوەیە لەوەرزی گەرمادا بتوانین کۆنترۆڵی کارەبا بکەین

بابەتی دواتر

مێسی: تەلەفون زۆر بەکاردەهێنم و لە کاتی پشووەکاندا باوکم گۆشت دەبرژێنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share