پارێزەرانی سزادراوانی بادینان تانەیان لە بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە دا

تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان تانەیان پێشكەشی دادگای پێداچوونەوە كرد، لەسەر بڕیاری پەسەندكردنی سزای زیندانیكردنی چالاكوانان و ڕۆژنامەنووسانی بادینان لەلایەن دادگاكەوە.

ڕەمەزان ئەرتیسی، یەكێك لە پارێزەرانی تیمی پارێزەرانی سزادراوانی بادینان لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، “ئەمڕۆ تانەكانمان گەیاندە دادگای پێداچوونەوە، تا بەشێوەیەكی باشتر سەیری كەیسەكە بكرێت، چونكە هەڵەی یاسایی زۆری تێدابووە”.

وتیشی، “چاوەڕێ دەكەین دەرئەنجامی باشی هەبێت، چونكە چەند هەڵەیەكی یاسایی لە بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە هەبووە”.

دەربارەی ئەوەی بڕیاری لێبوردنی تایبەت بۆ سزادراوان دەربكرێت، ئەو پارێزەرە باسیلەوەكرد، ئەوان داوایان نەكردووە لێبوردنی تایبەت بۆ سزادراوان دەربكرێت، بەڵكو داوایانكردووە، سزاكەیان لەسەر لاببرێت و كەیسەكە دابخرێت، ئازاد بكرێن، ئەویش بەلابردنی ماددەی 156 لەسەر سزادراوان.

هاوكات لەبارەی دۆخی سزادراوانی بادینان، محەمەد عەبدوڵا پارێزەری كەیسەكە، لەكۆنگرە ڕۆژنامەوانییەكەدا ئاماژەی بەوەكرد، “ڕێگەیان پێنەداین دەستگیركراوان ببینین، بۆیە نازانین ڕەوشیان چۆنە”.

جەختی لەوەشكردەوە، ڕێگە بەتیمی پارێزەران و كەسوكارەكانیشیان نادرێت، سزادراوان ببینن.

پێشتر بەشدار حەسەن پارێزەی كەیسی سزادراوانی بادینان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاندبوو، یەکێک لەو خاڵانەی پشتیان پێبەستووە ئەمڕۆ لە تانەکەیاندا پێشكەشی دادگای پێداچوونەوەی بكەن، ئەو دادگایە بێئەوەی نوێنەریان لە ئاسایش هەبووبێت لەکاتی لێکۆڵینەوەدا، باسیان لەوەکردوە، کە سزادراوانی بادینان بە ویست و خواستی خۆیان وتەکانیان لێوەرگیراوە و واژۆیان لەسەر وتەکانیان کردوە، کە ئەوەش ڕاستنییە، “چونکە پێشتر ئەو سزادراوانە لەبەردەم سەرۆک و ئەندامانی دادگای تاوانی دووی هەولێر، جەختیان لەوەكردبووەوە لەژێر هەڕەشەی جەستەیی و هەڕەشەی ناموس ناچاربوون ئەو شتانە واژۆ بکەن کۆ بۆیان نوسراوە”.

ڕونیشیكردەوە، خاڵێکی دیکە، کە پشتیان پێبەستووە، ئەوەیە كە “ناکرێت ئاسایش خۆی سکاڵاکار بێت و هەر خۆشی لە ڕۆژی دانیشتنی دادگادا بەشێک بێت لە دادگا”.

کۆتایی مانگی ڕابردوو دادگای پێداچوونەوەی هەرێم، سەرەڕای بوونی نیگەرانییەكان لەبڕیارەكەی دادگای هەولێر، بە واژۆی سێ دادوەر لە کۆی پێنج دادوەر، سزای زیندانیكردنی دەستگیركراوانی بادینانی پەسەند کرد، ئەوەش كاردانەوەی ناوخۆیی و نوێنەرایەتی و كونسوڵخانەكانی وڵاتانی دەرەوەی لێكەوتەوە.

بابەتی پێشتر

مۆرینیۆ "کەڵەشێرەکەی ئیتاڵیا" دەکڕێت

بابەتی دواتر

عێراق هەنگاو بۆ دامەزراندنی وێستگەی ئەتۆمی دەنێت

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share