هەنگاوەكانی پڕكردنەوەی كەلێنە ئەمنییەكانی نێوان پێشمەرگە و سوپا خێراتر بوون

لەگەڵ ئەوەی ماوەی حەوت مانگ بوو هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ ڕێككەوتبوون لەسەر دروستكردنی ناوەندی هەماهەنگیی هاوبەش لە ناوچە جێناكۆكەكان، سستییەكی زۆر لە جێبەجێكردنی ڕێككەوتنەكە و كەوتنەكاری ناوەندەكان هەبوو، بەڵام زیاتربوونی هێرش و جموجوڵەكانی داعش، هەردوولا، بەتایبەت بەغدادی ناچار كرد جدیتر لەبارەی ناوەندەكانەوە بێتە پێشەوە.

زیاتر لە 3 ساڵە داعش لە عێراق شكستیپێهێنراوە و هیچ خاكێكی لەژێر دەستدا نەماوە، جارجار، لە بەشێك لە پارێزگاكان، بەتایبەت لە ناوچە جێناكۆكەكان، پاشماوەكانی داعش هەندێك هێرش و چالاكی ئەنجامدەدەن.

حەوت مانگ لەمەوبەر وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق ڕێککەوتن لەسەر دروستکردنی ناوەندی هەماهەنگیی هاوبەش بۆ پڕكردنەوەی بۆشایی ئەمنیی نێوان پێشمەرگە و سوپا، بەڵام ڕێککەوتنەکە بە سستی و جێبەجێدەكرا، قسە لەسەر جدینەبوونی بەغداد هەبوو بۆ ئەو پرسە، ئەمە جگە لە باسكردنی دەستوەردانی وڵاتانی دەرەوە و دژایەتیكردنیان بۆ ئەگەری گەڕانەوەی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچانە.

لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکانی داعش لەو ناوچانە و نەبوونی هەماهەنگی، نزیكەی مانگێكە هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەكە و دەستبەكاربوونی ناوەندە هاوبەشەكان چڕکراونەتەوە، بڕیارە شاندێکی بەغدادیش سەردانی هەرێم بكات تا هەماهەنگی دروستبكەنەوە.

تەحسن خەفاجی وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکان لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕاگەیاندووە، ناوەندی گرنگی هەماهەنگیی هاوبەش کراوەتەوە، تایبەت بە جموجوڵی یەکە سەربازییەکان و چاودێریکردنی ئۆپراسیۆنەکان لە دژی تیرۆریستان، کە ئامانج لەو هەنگاوانە داخستنی كەلێنەکانی سنوری هاوبەشی نێوان عێراق و سوریایە.

ئاماژەی بەوەشكرد، هێزە ئەمنییەکانی عێراق کاردەکەن لەگەڵ “هێزەکانی پاسەوانی هەرێم”، لە پێناو داخستنی کەلێنەکان و نزیککردنەوە و كەمكردنەوەی ئەو پانتاییانەی چەکدارانی داعش بەکاریاندەهێنا بۆ جموجوڵەکانیان، بە تایبەت لە ناوچە شاخاوییە دوورەدەستەکان، کە جموجوڵی هێزەکان و کەرەستە سەربازییەکان قورستر دەکات.

خەفاجی جەختی لەوەكردوەتەوە، ئەو هەماهەنگییە و ئاڵوگۆڕكردنی زانیاریی هەواڵگری و ئەمنی، هاوکار دەبێت بۆ بەرقەراکردنی دۆخەکە لەسەر سنورە هاوبەشەکانی عێراق، یان لەو ناوچانەی جێگەی بایەخی ئەمنیی هەردوولان.

وتەبێژی فەرماندەیی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق پێشی وایە دروستبونی ئەو هەماهەنگییانە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرهەمیان هەبووە، بە تایبەت کە توانرا چەند حەشارگە و تونێلی چەکدارانی داعش لە خۆرئاوای موسڵ تێكبدرێت، هەروەها کوشتنی ژمارەیەک چەکدار لە گورزێکی ئاسمانیدا.

“دوای بڕیارەكەی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق، وەزارەتی پێشمەرگە سەرقاڵی دیاریكردنی ئەفسەر و ئامادەكارییەكانە بۆ كاركردنەوەی ژوورە هاوبەشەكانی كەركوك و دیالە و مەخمور و موسڵ”.

لەوبارەیەوە لیوا قەرەمان شێخ كەمال جێگری سەرۆك ئەركان بۆ ئۆپەراسێۆنەكان لە وەزارەتی پێشمەرگە بەتۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “دوای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق هەردوو شاندی وەزارەتی بەرگری و پێشمەرگەی بانگكرد، جەختی لەوەكردەوە، كە دەبێت ئەو چوار ژوورە هاوبەشەی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق كارابكرێتەوە ، ئێستاش وەزارەتی پێشمەرگە ئامادەكاری دەكات بۆ ئامادەكردنی ناوەكان بۆ ئەو ژوورانە، تا لەماوەیەكی نزیكدا بكرێنەوە”.

ڕونیشیكردەوە، لەچەند مانگی ڕابردوو ژوورە هاوبەشەكانی بەغداد-هەولێر كرانەوە و وەزارەتی بەرگری داوای لە وەزارەتی پێشمەرگە كردووە، ئەفسەرەكانی بۆ ئەو ژوورانە ئامادە بكات، كە پێنج ئەفسەر لە پێشمەرگە و پێنج ئەفسەر لە سوپای عێراق سەرپەرشتیی سەنتەرەکان دەکەن.

لەلایەكی دیكەشەوە دوێنێ لیوا محەمەد ڕۆستەم، جێگری بەرپرسی میحوەری دووی پێشمەرگە، بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنوری میحوەری یەك و دووی پێشمەرگە دەستبەكاربوو.

وتیشی، “ئەفسەرێكی باڵای میحوەری یەكی پێشمەرگە بە پلەی عەمید، لەگەڵ سێ ئەفسەری لیوای سێ، لەگەڵ ستافێكی سوپای عێراق بە عەمیدێك و چەند ئەفسەرێك، لەم ژوورە بەشدارن و ڕۆژانە كاری تێدادەكەن”.

لیوا محەمەد ڕونیكردەوە، ئەرك و بەرپرسیارێتیی ژوورەكە، كە سنوری فەرماندەیی پڕۆسەكانی دیالە و هەردوو میحوەرەكەی پێشمەرگە دەگرێتەوە، ئاڵوگۆڕی زانیاری و بڕیاردانە لەسەر هەنگاونانی تاكلایەنە، یان پێكەوە، بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەكان، تەنانەت ڕووداوە كۆمەڵایەتییەكانیش لەو ژوورە تۆماردەكرێت و هەردوولای لێ ئاگاداردەكرێتەوە.

بابەتی پێشتر

لە كەركوك ژمارەیەك حەشارگە و تونێلی چەكدارانی داعش تەقێندرانەوە

بابەتی دواتر

بلینكن و لاڤرۆڤ یەكەم دیداریان ئەنجامدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share