بەهۆی زیادبوونی ڕێژەی توشبوان بە کۆرۆنا، ئێران بۆ ماوەی دوو هەفتەی دیکە قەدەغەی هاتوچۆی گەشتیاری لە دەروازە سنورییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتەكەی درێژکردەوە.
ئیبراهیم زراعی، جێگری پارێزگاری سنە ڕایگەیاند، “بۆ ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندی زیاتری ڕێژەی توشبون بە کۆرۆنا، بڕیاردرا تا ڕۆژی 5ی حوزەیران قەدەغەی هاتوچۆی گەشتیاری لە دەروازە سنورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتی ئێران درێژبکرێتەوە “.
6ی ئەم مانگە ئیسماعیل عەلی ئاغا، لێپرسراوی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخ ڕایگەیاند، لەسەر داواكاریی ئێران، بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی گەشتیاری لەنێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران لە دەروازە سنورییەکانەوە، بۆ ماوەی 16 ڕۆ درێژکرایەوە.
لەرۆژی 25ی شوباتی ئەمساڵەوە، بەچەند قۆناغێک بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆی گەشتیاریی نێوان هەرێم و ئێران دراوە و دواتر نوێکراوەتەوە، تەنها ڕێگە بەو کەسانە دەدرێت، كە هەڵگری ڤیزای نەخۆشین، یاخود خوێندکارن.