یەكەم ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپا لە خانەقین دەستبەكاربوو

یەكەم ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی مەیدانیی هێزەكانی پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری خانەقین دەستبەكاربوو، بەرپرسێكی باڵای پێشمەرگە دەڵێت، یەكەم هەنگاوی ئەو چوار خاڵەیە، كە بۆ بنەبڕكردنی چالاكییەكانی داعش لە گفتوگۆكاندا جەختی لەسەركراوەتەوە.

لیوا محەمەد ڕۆستەم، جێگری بەرپرسی میحوەری دووی پێشمەرگە، ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەشی نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق لە سنووری میحوەری یەك و دووی پێشمەرگە دەستبەكاربوو، پاش ئەوەی دوێنێ بڕیاری ستافی پێشمەرگە لە ژوورەكەدا دەرچوو.

وتیشی، “ئەفسەرێكی باڵای میحوەری یەكی پێشمەرگە بە پلەی عەمید، لەگەڵ سێ ئەفسەری لیوای سێ، لەگەڵ ستافێكی سوپای عێراق بە عەمیدێك و چەند ئەفسەرێك، لەم ژوورە بەشدارن و ڕۆژانە كاری تێدادەكەن”.

دوابەدوای ڕووداوەكانی ئەمدواییەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم، كە چەند جارێك هێرشكرایە سەر هێزەكانی پێشمەرگە، سەرەتای ئەم مانگە لە كۆبوونەوەیەكدا بە ئامادەبوونی مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق و بەشداریی وەزارەتەكانی پێشمەرگە و بەرگریی عێراق، دوای چەند ساڵێك وتووێژ، بڕیار لەسەر كردنەوەی ژووری ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكان درا.

لیوا محەمەد ڕونیكردەوە، ئەرك و بەرپرسیارێتیی ژوورەكە، كە سنووری فەرماندەیی پڕۆسەكانی دیالە و هەردوو میحوەرەكەی پێشمەرگە دەگرێتەوە، ئاڵوگۆڕی زانیاری و بڕیاردانە لەسەر هەنگاونانی تاكلایەنە، یان پێكەوە، بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ئاستەنگە ئەمنییەكان، تەنانەت ڕووداوە كۆمەڵایەتییەكانیش لەو ژوورە تۆماردەكرێت و هەردوولای لێ ئاگاداردەكرێتەوە.

ژوورە هاوبەشەكە لە خانەقین كراوەتەوە و بڕیارە لە هەریەك لە كەركوك و مەخمور و موسڵ-یش ژووری هاوبەش پێكبهێنرێت و دەستبەكاربێت.

هەریەك لە وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگریی عێراق پێكهێنەر و بەشداری ژوورە هاوبەشەكان دەبن و بەپێی وتەی لیواكەی پێشمەرگە، ئەگەری هەیە لە ئایندەدا فراوانتر بكرێت و پۆلیسی نیشتمانی و هێزەكانی دیكەی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ و هێزە ئەمنییەكانی دیكەش، نوێنەریان لە ژوورەكەدا هەبێت.

بۆ بنەبڕكردنی چالاكییەكانی داعش و ڕێگری لە هێرش و پەلامارەكانیان بۆسەر پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان، چەند خاڵێكی دیكەی چارەسەر دیاریكراون، بەڵام هێشتا هەنگاویان بۆ نەنراوە.

لیوا محەمەد ڕۆستەم وتی، “ئەوەی لە گفتوگۆكانی ڕابردوودا جەختی لەسەركراوەتەوە، چوار خاڵی سەرەكییە، خاڵی یەكەمیان ئەمڕۆ بە پێكهێنانی ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەش لە خانەقین دەستیپێكرد، یەكێكی دیكە لە خاڵەكان بریتییە لە پڕكردنەوەی بۆشاییەكانی نێوان پێشمەرگە و سوپا، كە بۆشایی زۆر هەیە بەدرێژایی ئەو 540 كیلۆمەترەی لە خانەقینەوە تا شەنگال درێژدەبێتەوە”.

ڕونیشیكردەوە، “لای ئێمە هەنگاوێكمان لەو ڕووەوە ناوە، بەڵام لە هیچ شوێنێكی دیكە نەكراوە، ئێستا بیرۆكەیەكی دیكە هەیە، گوایە لیوای هاوبەش بۆ ئەو ناوچانە دروستبكرێت، كە لە پێشمەرگە و سوپا نیوە بە نیوە پێكبهێنرێت و بە جلوبەرگ و پێداویستیی تایبەتەوە و سەر بە وەزارەتی بەرگری بێت، بەڵام ئەو هەنگاوە لە داهاتوودا دەبێت”.

خاڵێكی دیكە بریتییە لە پێكهێنانی خاڵی پشكنینی هاوبەش، پلەدارەكەی پێشمەرگە وتی، “پێشتر هەر لە سنووری ئێمە و خانەقین زیاتر لە 12 خاڵی پشكنینی هاوبەش هەبووە و ئێستاش دەمانەوێت پێكبهێنرێنەوە”.

دوایین خاڵی چارەسەیش بریتییە لە (عەمەلیاتی تەوەسوعی) لەو شوێنانەی كە پێویست دەكات و مەترسیی داعشی لێیە، ئەمەش لەڕێی ئەنجامدانی كێوماڵی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپا پێكەوە، دیاریكردنی بەرپرسیارێتیی (قاتع)ەكان بۆ هەر هێزێك، یان بە هاوبەشی، وەك ئەوەی بەرپرسەكەی میحوەری دووی هێزەكانی پێشمەرگە ئاماژەی پێدا.

ڕونیشكردەوە، دوای پێكهێنانی هەردوو ژووری ئۆپراسیۆنی هاوبەش لەناو وەزارەتی بەرگریی عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە، لەئێستادا كردنەوە و دەستبەكاربوونی ژوورە مەیدانییە هاوبەشەكان، كە بە خانەقین دەستیپێكردووە، ڕۆڵی خۆی دەبێت لە سنوورداركردنی جموجوڵ و پەلامارەكانی داعش و سەقامگیركردنی ئارامی و ئاسایشی ناوچە كوردستانییەكان و ئەودوای ناوچەكانی دیكەی هەرێم و عێراق.

بابەتی پێشتر

وەزیری ناوخۆ ژمارەی پاسەوانی بەرپرس و ئەفسەرانی کەمکردەوە

بابەتی دواتر

كۆرۆنا لە هەرێم.. توشبوون و چاكبوونەوە لەیەك نزیكن

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

دەستەی ژینگە: لە رێگەی پلانێکەوە هەوڵی کەمکردنەوەی کاریگەریی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەدرێت

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە رایدەگەیەنێت، به‌هاوكاریی به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ گه‌شه‌پێدان لە رێگەی پلانێکەوە هەوڵی کەمکردنەوەی کاریگەریی…
Total
0
Share