كەسێك بە تۆمەتی پەلاماردانی هاوڵاتییەك و ڕفاندنی ئۆتۆمبێلەكەی دەستگیركرا

تۆمەتبارە دەستگیركراوەكە

ئاسایشی گەرمیان دەستگیركردنی تۆمەتبارێك ڕادەگەیەنێت، كە بە هاوكاریی دوو تۆمەتباری دیكە پەلاماری هاوڵاتییەكیان داوە و ئۆتۆمبێلەكەیان ڕفاندووە.

بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویكردەوە، ڕۆژی 20ی نیسانی ڕابردوو لەلایەن سێ کەسەوە، لە ڕێگای نێوان قەرەتەپە و کۆکس، ڕێگایان لە هاوڵاتییەکى کورد بەناوى (مەحمود محەمەد فەرەج) دانیشتوی کەلار گرت، کە لە سنوورى ناحیەى جەبارە بەنزینخانەى هەیە و هەڵدەستن بە لێدان و فەلاقەکردنی و جێهێشتنی بە برینداری و ڕفاندنی ئۆتۆمبێلەكەی.

دەشڵێت، پاش تۆماركردنی سكاڵا، هێزەکانی یاریدەرێتیی ئاسایشی کۆکس سەر بە بەرێوەبەرایەتیی ئاسایشی گەرمیان، دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد و بەدواداچوون کرد و توانرا لە ڕێگای کامێراکانی چاودێرییەوە تاوانباران دەستنیشانبکرێن.

ئاسایشی گەرمیان ڕونیشیدەكاتەوە، ڕۆژی 17ی ئەم مانگە لە زاڵگەى باناسیاو یەکێک لە تۆمەتباران بەناوى (ئ.ق.خ.) دەستگیركرا، دەستیشگیرا بەسەر ئەو ئۆتۆمبێلەی تاوانەکەیان پێئەنجامدابوو، كە بۆ ئەوەی نەناسرێتەوە، هەستابوون بە دەستکاریکردنی و گۆڕینی.

“لەکاتی لێکۆڵینەوەدا تاوانباری ناوبراو دانی بەتاوانەکەیدا ناوە و لێکۆڵینەوەش بەردەوامە بۆ دەستگیرکردنی هەردوو تۆمەتبارەکەى دیكە و ڕوبەڕووکردنەوەیان بە یاسا”، وەك ئەوەی ئاسایشی گەرمیان ڕونیكردوەتەوە.

ئاشكراشیدەكات، هەرسێ تۆمەتبار بەڕەگەز عەرەبن و دانیشتووى سنووری قەزای شارەبانی سەر بە شاری بەعقوبەن، ئۆتۆمبێلی هاوڵاتییەکەش گەڕێندرایەوە بۆ خاوەنەکەى.

بابەتی پێشتر

ڕیاڵ مەدرید ڕەتیدەکاتەوە و میدیاکان دەنوسن: ئالێگری ڕێککەوتووە

بابەتی دواتر

بافڵ تاڵەبانی: ڕێبازەکەی مام جەلال و نەوشیروان مستەفا بەردەوامە و درێژەی پێدەدەین

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share