وەزیری دارایی لەسەر گۆڕینی موچە لە مانگی چوارەوە بۆ نۆ ڕوونکردنەوە دەدات

وەزیری دارایی هەرێم ئەمڕۆ 13ی تشرینی یەکەم سەردانی بینای پەرلەمانی کردووە و لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان کۆدەبێتەوە و ڕوونکردنەوە دەدات لەسەر چۆنیەتی پێدانی موچە و گۆڕینی لە مانگی نیسانەوە بۆ مانگی ئەیلول.

سەردانەکەی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێم هاوکاتە لەگەڵ ئەوەی گەنجینەکان نوسراویان پێگەیشتووە کە لیستی موچەی مانگی ئەیلول ئامادەبکەن، لە کاتێکدا فەرمانبەران و موچەخۆرانی هەرێم موچەی مانگی نیسانیان وەرنەگرتووە.

لەسەر ئەم پرسە سەرکۆ ئازاد گەڵاڵی، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “وەزیری دارایی داوایکردووە سەردانی پەرلەمان بکات و ڕوونکردنەوە لەسەر گۆڕینی لیستی موچە لەنێوان ئەو چەند مانگەدا بدات، بەڵام حکومەت دەبێت ڕوونیبکاتەوە کە چارەنووسی ئەو پێنج موچەیە چی بەسەر دێت”.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشکرد، “ئەگەر موچە لە مانگی ئەیلول-ەوە دابەشبکرێت، دەبێت بە ڕێکارێکی یاسایی ئەوە بە موچەخۆران ڕابگەیەنرێت کە چارەنوسی ئەو پێنج موچەیە چۆن لەلایەن حکومەت هەڵدەگیرێت”.

حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەگەڵ دابەشکردنی موچەی حکومەتی بەغداد لە ڕووی کاتەوە هاوتابکاتەوە و لەگەڵ ناردنی بەشە بودجەکەی هەرێم موچەبدرێتە فەرمانبەران.

حکومەتی هەرێم بڕیاریداوە بۆ موچەی داهاتوو ٪18 لێبڕین لە موچە پەیڕەو بکات و میکانزمی لێبڕین لە پلەباڵاکان وەک خۆی دەمێنێتەوە.

بابەتی پێشتر

بەرهەمهێنەری ئۆكسجینی گەردوونناسانی ڕوسیا لە بۆشایی ئاسمان دا لەكاركەوت

بابەتی دواتر

بۆچى زۆربەى جنێوەکان بە خوشک و دایک دەدرێن؟

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share