ئەحمەدی نەژاد خۆی بۆ پۆستی سەرۆكی ئێران كاندیدكرد

مەحمود ئەحمەدی نەژاد

سەرۆكی پێشووی ئێران داواكاری خۆكاندیدكردنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی داهاتووی وڵاتەكەی پێشكەشكرد.

تەلەفزیۆنی ئێران ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاویكردەوە، مەحمود ئەحمەدی نەژاد سەرۆك كۆماری پێشوو داواكاری خۆكاندیدكردنی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی پێشكەشكردووە كە بڕیارە لە 18ی حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوەبچێت.

دیمەنی ئەحمەدی نەژاد بەیاوەری لایەنگرانی لە ناوەندی تۆماری وەزارەتی ناوخۆ بەر لە پڕكردنەوەی فۆڕمی تایبەت بە خۆكاندیدكردن لەلایەن تەلەفزیۆنی ئێرانەوە بڵاوكرایەوە.

زیاتر لە مانگێکی ماوە بۆ هەڵبژاردنە سەرۆکایەتییەکەی ئێران و ئەو کەسانەی دەیانەوێت خۆیان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار کاندیدبکەن، کاتیان هەیە تا ڕۆژی شەممەی داهاتوو فۆڕمی کاندیدی ڕادەستی وەزارەتی ناوخۆ بکەن.

دامەزراوەی (شورای نیگەهبانان)، کە دامەزراوەیەکە بۆ ڕێکخستنی شیاوی و یاساییبوونی کاندیدان، مەرجەکانی داوەتە وەزارەتی ناوخۆ تا کاندیدانی سەرۆک کۆمار پڕیبکەنەوە و دواتر بیگەڕێننەوە بۆ شوراکە.

ئەمساڵ جیاواز لە جارانی پێشوو بۆ هەڵبژاردنی کەسێک بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار (شورای نیگەهبانان) نوسراوێکی بۆ وەزارەتی ناوخۆ ناردووە، بەبێ گەڕانەوە بۆ دەنگدان لەسەر نوسراوەکە لەلایەن پەرلەمانی وڵاتەوە، ئەمە حەسەن ڕۆحانی، سەرۆک کۆماری ئێستای ئێرانی توڕەکردووە و داوای لە وەزارەتی ناوخۆ کردووە بەپێی یاسا مامەڵە بکات.

مەرجەکانی شوراکە بۆ ئەو کەسەی کە دەبێتە سەرۆک کۆمار بەم شێوەیە: ئەو کەسەی خۆی هەڵدەبژێرێت بۆ سەرۆک کۆمار دەبێت تەمەنی لە نێوان 40 بۆ 75 ساڵیدا بێت و پێش ئەوە ئەزموونی بەڕێوەبردنی ئیداریی هەبووبێت، واتە لە کۆتا خاڵدا لانیکەم بەرپرسیارێتی لە شارێکدا هەبووبێت، کە دانیشتوانەکەی ژمارەیان 2 ملیۆن و زیاتر بێت.

لە مەرجەکانی دیکەی کاندیداندا هاتووە، “ئەو کەسەی خۆی هەڵدەبژێرێت، ئەگەر بەڕێوەبەری حەوزە زانستییەکان بوبێت، یان مامۆستا و بەرپرسی زانکۆکانی ئازادیی ئیسلامی بوبێت، یان پلەیەکی باڵای سەربازیی هەبوبێت، شیاوە بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار”.

بڕیارە لە ڕۆژی 18ی حوزەیرانی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی بۆ پڕکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆمار لە ئێران بەڕێوەبچێت، ئەمساڵ هەندێک کاندید، کە نزیکن لە سوپای پاسدارانەوە دەیانەوێت خۆیان وەک کاندیدی پۆستی سەرۆک کۆمار ڕابگەیەنن.

بابەتی پێشتر

بەڵێنی چارەسەركردنی كێشەی زەوییەكانی هەشتی حەسارۆكی هەولێر دەدرێت

بابەتی دواتر

ئێران پێنجشەممە و سیستانی هەینی بە یەكەم ڕۆژی جەژن دیاریدەكەن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share