هەپەگە: لە هەینییەوە 8 سەربازی توركیا لە باشووری كوردستان كوژراون

هەپەگە ڕایدەگەیەنێت، لە ڕۆژی هەینییەوە لە چالاكیی هێزەكانیان دژ بە سوپای توركیا هەشت سەرباز كوژراون، سێ چالاكیی ئاسمانیشیان ئەنجامداوە.

ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) باڵی سەربازیی (پەكەكە) ئەمڕۆ یەكشەممە ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، تیایدا هاتووە، هێزەکانی پاراستنی ئاسمانیی شەهید دەلال ئامەد، ئەمڕۆ لە هەرێمی مەتینا سێ چالاکیی ئاسمانییان ئەنجامداوە، دەڵێت، “سەرکەوتووانە گورز لە دوژمن وەشێندرا”، بێ ئەوەی سروشتی گورزەكە ئاشكرابكات.

ئاشكراشیكرد، لە ڕۆژی 7ی ئەم مانگە، لە هەرێمی ئاڤاشین چالاکییەکی نیشانشکێنی ئەنجامدرا و لە ئەنجامدا سەربازێكی توركیا كوژرا.

هەپەگە ئاماژەی بەوەشداوە، ئێوارەی هەمان ڕۆژ، لە هەرێمی خواکورک دوو چالاكی ئەنجامدران و تیایدا دوو مۆڵگەی سەربازانی سوپای توركیا ڕوخێنرا و شەش سەرباز كوژران.

بەیانیی ڕۆژی 8ی ئەم مانگەش لە هەرێمی ئاڤاشین، لەكاتێكدا هێزێكی سوپای توركیا دەیانویست لە گردێكی ناوچەكە جێگیرببن، هێرشیانكرایەسەر، بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی هەپەگە سەربازێك كوژراوە.

لە ڕۆژی هەینی 23ی نیسانی ڕابردووەوە هێرش و بۆردومانەكانی سوپای توركیا بۆ سەر گوند و ناوچەكانی ناحیەی كانی ماسێ سەر بە قەزای ئامێدی لە پارێزگای دهۆك دەستیپێكردووە و تا ئەمڕۆ ناوبەناو درێژەیان هەیە.

بابەتی پێشتر

مانچستەر یونایتد بۆندێکی گەورە پێشکەشی دۆرتمۆند دەکات

بابەتی دواتر

لە سلێمانی ڕێژەی توشبوون بە كۆرۆنا هەڵكشا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share