سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هۆكاری گرانبوونی نرخی بەنزین ئاشكرادەكات

سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی هۆكاری گرانبوونی نرخی بەنزین ئاشكرادەكات و دەڵێت، هۆكارەكەی ئێران و حكومەتی هەرێمە و هۆشداریی ئەوەش دەدات ئەگەر حكومەت چاودێری دۆخەكە نەكات نرخی بەنزین زیاتر بەرزدەبێتەوە.

ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، ئەمڕۆ چوارشەممە لەسەر داوا و یاداشتی لیژنەی وزەی ئەنجومەن، لەسەرۆكایەتی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی پارێزگاری سلێمانی و بەڕێوەبەری نەوت و كانزاكانی سلێمانی و بەرپرسی سوتەمەنی و ژمارەیەك ئەندامانی ئەنجومەن لەسەر گرانبوونی نرخی بەنزین كۆبوونەتەوە.

وتیشی، “لە كۆبوونەوەكەدا باسی هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزینمان كردووە ، كە بەهۆی چەند هۆكارێكە لەوانەش، ئەو بڕە بەنزینەی كە پێشتر لە ئێرانەوە دەفرۆشران زۆربەی كڕیارەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بوون، بەڵام لە ئێستادا وڵاتانی دیكەش لە زیادكردنی ئاشكرادا بەشدارن، بۆیە بڕەكەی كەمیكردووە، بۆ هەر تۆنێكیش 180 دۆلار چووەتە سەر نرخەكەی”.

ڕوینشیكردەوە،”هۆكارێكی دیكەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین ئەوەیە، هەرێمی كوردستان باج و ڕسوماتی لەسەر هێنانی داناوە و كرێی گواستنەوەشی گرانبووە، حكومەتیش خۆی سوتەمەنی ناخاتە بازاڕەوە تا چارەسەری كەمی بكات، تا نرخەكەی بەرز نەبێتەوە”.

بەوتەی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیش هۆكارەكەی ئەوەیە، پاڵاوگەكانی هەرێم بەنزین نادەنە هەرێم، چونكە نەوتی خاو لە حكومەتی ناوەندیی وەردەگرن و بەنزین و بەرهەمە نەوتییەكانیشی دەدەنەوە ئەوان.

ئازاد محەمەد ڕاشیگەیاند، لە ڕێگەی پەرلەمانی كوردستانەوە فشار دەكەنەسەر وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بەدەركردنی بڕیار و ڕێنمایی تاوەكو كێشەی گرانبوونی نرخی بەنزین چارەسەر بكرێت.

بۆ دابەزینی نرخی بەنزین ئەو پێیوایە، هێنانی ڕێژەیەكی زیاتر لە ئێران و نەهێشتنی باج و ڕسومات لەلایەن حكومەتەوە چارەسەرە.

بابەتی پێشتر

دادگای عێراق لەسەر ئازادكردنی قاسم موسڵح ڕونكردنەوە دەدات

بابەتی دواتر

بافڵ تاڵەبانی: باوەڕی نەگۆڕمان بە سازان و گفتوگۆ ھەیە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share