بەشێك لەو خێزانانەی داعش كە دەگەڕێنرێنەوە عێراق لە كەمپەكانی هەرێم نیشتەجێدەكرێن

هێنانەوەی ژمارەیەك لە خێزانانی چەكدارانی داعش لەكەمپی هۆل-ەوە بۆ عێراق بۆ ماوەیەكی كاتی دواخرا، پێدەچێت دوای جەژن بگەڕێندرێنەوە، بەرپرسێكی یەكێتیش لە موسڵ دەڵێت، بۆی هەیە بەشێك لەو خێزانانەی داعش بگوازرێنەوە بۆ كەمپەكانی هەرێمی كوردستان.

شیروان دووبەردانی، ئەندامی لیژنەی پارێزگا و ھەرێمەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی میدیایی ئێستای ڕاگەیاند، “حكومەتی عێراق بڕیاریدابوو لە سوریاوە 500 خێزانی چەكدارانی داعش، كە زیاتر لەسێ هەزار كەس دەبوون، بگەڕێنێتەوە، وەكو كاروانی یەكەمیش ئەمڕۆ بڕیاربوو 100 خێزانیان بگەڕێنێتەوە عێراق و لەشاری موسڵ لە كەمپی (جد العین) جێگیر بكرێن”.

رونیشیكردەوە، بڕیاربوو ڕۆژی 2ی ئەم مانگە پرۆسەی گەڕانەوەكە ئەنجامبدرایە ، بەڵام بۆ ئەمڕۆ دواخرا، ئەمڕۆش جارێكی دیكە گەڕانەوەی 100 خێزانەكە بۆ دوای جەژن دواخرا، لەكاتێكدا ئۆتۆمبێلیش چوبوونە ڕۆژئاوای كوردستان بۆ هێنانەوەیان.

دەربارەی هۆكاری دواخستنی هێنانەوەی خێزانی چەكدارانی داعش، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پێیی وایە، هێنانەوەی خێزان و منداڵانی چەكدارانی داعش لە ئێستادا، مەترسیی گەورە لەسەر دۆخی ئەمنیی نەینەوا و عێراق بە گشتی دروستدەكات، بە تایبەت لەم ڕۆژانەدا داعش زۆر بە بەهێزی گەڕاونەتەوە و هێرش ئەنجامدەدەن، ئەمە جگە لەوەی ئەمنیەتی ئەو كەمپانەی عێراقیش وەكو كەمپی هۆڵ پارێزراو نیە.

دووبەردانی وتیشی، “هەڵبژاردنی پێشوەختەش لە پێشە، هێنانەوەشیان لە ئێستادا لەلایەن حكومەتەوە پرسێكی سیاسیە،  ئێستا دۆخی نەینەوا ئارامە، بۆچی تەنها ئەوێی هەڵبژاردووە؟، لەكاتێكدا لە لەئەنبار و سەڵاحەدین و بەغداد كەمپ هەیە، بۆچی هەموویان بگەڕێندرێنەوە نەینەوا؟”.

لای خۆیەوە غەیاس سورچی بەرپرسی پەیوەندییەكان و ڕاگەیاندنی مەڵبەندی یەكێتی لە نەینەوا بە تۆڕی میدیایی ئێستای وت، ژمارەی خێزان و كەسوكاری چەكدارانی داعش، كە بەنیازن بگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق، 30 هەزار بۆ 40 هەزار كەسن، كە  دەكاتە 48%ی كەمپەكە، بۆیە هێنانەوەیان لەم قۆناغەدا سەختە.

وتیشی، نەتەوەیەكگرتووەكان و وەزارەتی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق كۆمەكیان دەكات و هێزە ئەمنییەكانی عێراقیش ئەركی پاراستنیان لەئەستۆ دەگرێت.

ئەو بەرپرسەی یەكێتی ئاشكراشیكرد، بەشێك لەو خێزانانەی چەكدارانی داعش كە دەهێنرێنەوە، لەچەند كەمپێكی سنوری ئیدارەی هەرێمی كوردستان دادەنرێن، بەشێكی زۆر لەو خێزانانەش كوردن.

بابەتی پێشتر

قەدەغەی هاتوچۆی گەشتیاریی نێوان هەرێم و ئێران درێژكرایەوە

بابەتی دواتر

چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵ بەکوێ دەگات؟

بابەتی پەیوەندیدار
زیاتر ببینە

هاوكاتە لەگەڵ هەڵمەتی دەركردنی پەكەكە لە لیستەكە.. ئەمریکا ڕێکخراوی فارکی لە ‏لیستی تیرۆر دەرهێنا

ئیداره‌ی ئه‌مریكا هێزه‌ چه‌كداره‌ شۆڕشگێڕه‌كانی كۆڵۆمبیا ناسراو به‌ فارك-ی له‌ لیستی ‏ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌ بیانییه‌كان ده‌رهێنا، بڕیارەكە هاوكاتە لەگەڵ…
Total
8
Share