پارێزەرانی چالاكوانانی بادینان بڕیاریانداوە كۆڵنەدەن

ڕووداوه‌كه‌ بۆ ساڵی 2016 ده‌گه‌ڕێته‌وه‌

دوای ئاشكرابوونی پەسەندكردنی سزای چالاكوانانی بادینان لەلایەن دادگای پێداچوونەوەوە، پارێزەری سزادراوانی دۆسیەكە دەڵێت، “ڕێگەی دیكەمان لەبەردەمدا هەیە بۆ تانەدان لە بڕیارەكەی دادگا”.

سەرۆكایەتیی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان / دەستەی سزایی بە بڕیاری ژمارە 468، كە لە 28ی نیسانی ڕابردوو دەریكردووە و ئەمڕۆ دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوت، بڕیاری دادگای تاوانی دووی هەولێری تایبەت بە سزای زیندانیكردن بۆ ماوەی شەش ساڵ بۆ پێنج لە ڕۆژنامەنووس و چالاكوانانی بادینان پەسەندكرد.

بەشدار حەسەن، پارێزەری دۆسیەی دەستگیركراوان ئەمڕۆ پێنجشەممە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، “بڕیارەكەی دادگای پێداچوونەوە لە 28ی نیسان دەرچووە، بەڵام ئەمڕۆ پێماندرا و ئێمەش بڵاومانكردەوە”.

وتیشی، “لەگەڵ تیمی پارێزەراندا ڕێگای دیكەمان لەبەردەمدایە بۆ تانەدان لە بڕیارەكە، لەدوای داوای پێداچوونەوە، دەتوانین داوای ڕاستكردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوە بكەین، هەروەها دەكرێت سەرۆكی هەرێمی كوردستان بڕیاری لێبوردنی تایبەتیان بۆ دەربكات”.

بەشدار حەسەن ئەوەشی ڕوونكردەوە، لەمیانەی دادگاییەكەدا دوو هەڵەی بنەڕەتی هەیە، “یەكێكیان، ناكرێت هێزی ئاسایش لە هۆڵی دادگا بێت خۆی (حەكەم) بێت و خۆشی (خەسم) بێت، ئەوە هەڵەیەكی زۆر گەورەیە و سەرپێچیی یاسایە”.

لەبارەی هەڵەی دووەمیشەوە پارێزەرەكە وتی، “لەكاتی وەرگرتنی وتە لە دەستگیركراوان، پارێزەریان لەگەڵ نەبووە و لەبەردەم سەرۆك و ئەندامانی دادگا ئاماژەیان بەو خاڵە كرد، كە ئەوان لەژێر هەڕەشە و ئەشكەنجە ئەو وتانەیان پێنوسراوە و واژوویانكردووە”.

پارێزەری دەستگیركراوان پرسیاری ئەوەشی كرد، “ئەوەی دادگای پێداچوونەوە پشتی پێبەستووە سەردانیكردنی ئەو بەڕێزانەیە بۆ كونسوڵخانەكانی ئەمریكا و ئەڵمانیا، پرسیارەكە ئەوەیە سەردانكردنی ئەو كونسوڵخانانە چ تاوانێكە؟”.

ئەوەشی ڕونكردەوە، ئەگەر داوای ڕاستكردنەوەی بڕیاری پێداچوونەوەكەش هەر بڕیاری سزادانەكە پەسەندبكات، ئەوكات سەرۆكی هەرێم دەتوانێت لێبوردنی تایبەتیان بۆ دەربكات.

 

بابەتی پێشتر

پەروەردەی عێراق: تاقیكردنەوەكان ئەلیكترۆنی نابێت

بابەتی دواتر

قەدەغەی هاتوچۆی گەشتیاریی نێوان هەرێم و ئێران درێژكرایەوە

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share