شانەی ئەمنی: لە هەرێمی کوردستان “والیی داعش لە فەلوجە” دەستگیرکرا

شانەی ئەمنیی عێراق بڵاویکردەوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، والیی فەلوجەی داعشیان دەستگیرکردووە.

لە ڕاگەیەندراوێکدا شانەی ئەمنیی عێراق بڵاویکردەوە، هێزە عێراقییەکان بە پاڵپشتیی زانیارییە هەواڵگرییەکانی بەردەستیان، ئەبو عەلی جەمیلی، والیی داعشیان لە فەلوجە دەستگیرکردووە.

شانەی ئەمنیی عێراق دەشڵێت، ئەو تۆمەتبارە فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە بەپێی ماددەی 4ی تیرۆر، لەکاتی لێکۆڵینەوەکانیشدا تۆمەتبار دانیناوە بە تاوانەکەیدا، کە لە ساڵی 2005 پەیوەندیی بە رێكخراوی قاعیدەوە کردووە، لەناو ئەشکەوتەکاندا بە ناسنامە و ناوێکی عەرەبی کاری لەگەڵ کردوون.

ئاماژە بەوەشکراوە، ئەو تۆمەتبارە پێشتر سزای 15 ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنراوە، بەڵام دوای ئەوەی لە ساڵی 2011 ئازادکراوە، پەیوەندیی کردووە بە ڕێکخراوی داعشەوە و “بەیعەتی پێداون”.

شانەی ئەمنیی عێراق دەڵێت، دوای ڕزگارکردنی ئەنبار، ئەو تۆمەتبارە چووەتە سوریا، دواتر وەك جێگری والیی موسڵ گەڕاوەتەوە، دواتریش کراوە بە والیی فەلوجە.

بەپێی ڕاگەیەنراوەکە، “ئەو تۆمەتبارە دانیناوە بە ئەنجامدانی دەیان کردەوەی تیرۆریستی دژی هێزە ئەمنییەکان و هاوڵاتییانی سڤیل، دواتر بە هەماهەنگیی نێوان هێزە عێراقییەکان و ئاسایشی هەرێمی کوردستان، دەستگیرکراوە.

بابەتی پێشتر

بلینکن لەبارەی ڕوبەڕوبوونەوەی سەربازیی نێوان چین و ئەمریکا وەڵام دەداتەوە

بابەتی دواتر

ئاماری نوێی كۆرۆنا لە هەرێم.. 8 توشبوو گیانیان لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share