ئەمشەو چوار یاریزانی بەرشلۆنە ترسی سووریان لەسەرە

مێسی و دی یۆنگ، ئەگەر ئەمشەو کارتی زەرد بەڕوویاندا بەرزبکرێتەوە، بۆ یاری داهاتوو ناتوانن بەشداریبکەن

چانسی یانەی بەرشلۆنە بۆ چنینەوەی نازناوی ئەم وەرزەی لالیگا بەهێزە، بەڵام لەسەر ئاستی یاریزانان مەترسی دوورخستنەوە و سزادانی چەندین یاریزانی لەسەرە.

یانەکانی بەرشلۆنە و ئیشبیلیە زۆرترین سوودیان لە شکستی یانەکانی مەدرید لە هەفتەی 33ی خولی ئیسپانیا وەرگرت، لە ئێستادا بارسا شەش ڕوبەڕووبوونەوەی لەبەردەمدا ماوە و بە بردنەوەی سەرجەمیان دەتوانن نازناوی وەرز مسۆگەربکەن، بە پێچەوانەشەوە ناچاردەبن چانسی خۆیان بەرانبەر یانەکانی ئەتلەتیکۆ مەدرید و ڕیاڵ مەدرید تاقیبکەنەوە.

بارسا لە هەفتەکانی 33 بۆ 38 ڕوبەڕوی یانەکانی غەڕناتە، ڤالێنسیا، ئەتلەتیکۆ مەدرید، لیڤانتی، سێلتا ڤیگۆ، ئیبار دەبێتەوە، بەتایبەت ئەمشەو پێنجشەممە لە یاریگای کامپ نو بەرامبەر غەڕناتە یاریدەکەن، لە ئەگەری بردنەوەیاندا بۆ یەکەمجار دەگەڕێنەوە لوتکەی لالیگا.

ڕکابەرەکانی بارسا بەشێکیان شەڕی لوتکەی لالیگا، بەشێکی دیکەیان شەڕی ئەوەدەکەن لە هێڵی دابەزین بۆ خولی پلە دوو خۆیان دەربازبکەن.

چوار یاریزانی بەرشلۆنە ئەمشەو مەترسی دوورخستنەوەیان لەسەرە

یەکێکی دیکە لە گەورەترین کێشەکانی ڕۆناڵد کومان بریتیە لە یاریزانان، مێسی و فرینکی دی یۆنگ و ئەنتوان گریزمان و ئۆسکار مینگوێزا، چوارینەی ناوبراو لەم وەرزەدا لە باشترینەکان بوون، بەڵام هەریەکێکیان چوار کارتی زەرد بەڕوویدا بەرزکراوەتەوە و لە ئەگەری وەرگرتنی کارتێکی دیکەدا لە یاریکردن بۆ ماوەی یارییەک دادەبڕێن، وەک ئاشکرایە شەش یاری کۆتایی لالیگا هاوشێوەی یاری کۆتایی خولەکەیە و بەشدارینەکردنی مێسی یان دی یۆنگ و گریزمان لە هەر یەکێکیاندا زیانی گەورەیان لێدەدات.

بابەتی پێشتر

عەفرین.. گروپە چەكدارەكان بەهۆی كەمی و دواكەوتنی مووچەكانیانەوە لە توركیا نیگەرانن

بابەتی دواتر

پێرێز ناتوانێت گالاکتیکۆسی سێیەم ئەنجامبدات

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share