دادگای ڕەسافە: ئەوانەی لەسەر ڕووداوەكەی ئیبن خەتیب فەرمانیان بۆ دەرچووە، دەستگیركراون

شەوی 24ی ئەم مانگە ئاگر لە نەخۆشخانەكە كەوتەوە

دادگای لێكۆڵینەوەی ڕەسافە دووپاتیدەكاتەوە، هەموو ئەو بەرپرس و فەرمانبەرانەی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب، كە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، دەستگیركراون.

ئەمڕۆ پێنجشەممە دادگای لێكۆڵینەوەی ڕەسافە لە بەغداد ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، دەڵێت، دادگاكە چەند ڕێكارێكی لێكۆڵینەوەی گرتووەتەبەر، لەوانە، وەرگرتنی وتەی شایەتحاڵانی ڕووداوەكە، هەروەها دەركردنی فەرمانی دەستگیركردن بۆ چەند بەرپرس و فەرمانبەرێكی نەخۆشخانەكە.

دادگای ڕەسافە ئەو بەرپرسانەی نەخۆشخانەكەی ئاشكراكردووە، كە فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، كە بریتین لە بەرپرسی بەشی چاككردن، بەرپرسی بەرگریی شارستانی، بەرپرسی چاككردنی بوتڵەكانی ئۆكسجین، یاریدەدەری كارگێڕیی نەخۆشخانەكە و هەروەها چەند فەرمانبەرێكی دیكە.

دادگاكە دووپاتیشیدەكاتەوە، هەموو ئەو كەسانەی فەرمانی دەستگیركردنیان بۆ دەرچووە، دەستگیركراون و لەئێستادا ڕاگیراون.

پێشتریش دادگاكە ئاشكرایكردبوو، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب بەهۆی ڕووداوی ئاگركەوتنەكەوە دەستگیركراوە.

شەوی 24ی ئەم مانگە، لە بەغداد، بەهۆی تەقینەوەی بوتڵی ئۆكسجینەوە، ئاگر لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب كەوتەوە و بەو هۆیەوە، بەپێی ئامارە فەرمییەكانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، 82 كەس گیانیان لەدەستدا و 110 كەسیش برینداربوون، بەڵام كۆمسیۆنی مافەكانی مرۆڤ لە عێراق ژمارەی قوربانییەكان بە زیاتر دەخەمڵێنێت، پێیوایە 130 كەس بەهۆی ڕووداوەكەوە گیانیان لەدەستداوە.

بابەتی پێشتر

نرخی ئەمڕۆی دراوەكان

بابەتی دواتر

ئەمشەو دوو ڕوبەڕووبوونەوەی نیوەی کۆتایی یوروپا لیگ ئەنجامدەدرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share