دەربارەی پڕۆژەی ڕێگای كەلار-سلێمانی حكومەت دڵنیایی دەدات

بەمنزیكانە تەرخانکراوی ساڵانەی بۆ دەستنیشان دەکرێت

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوەی حكومەتی هەرێم دەڵێت، زیاتر لە 55 ملیار بۆ پڕۆژەی ڕێگای كەلار-سلێمانی تەرخانكراوە و دڵنیاییش دەدات لەوەی بەمنزیكانە تەرخانکراوی ساڵانەی بۆ دەستنیشان دەکرێت.

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێم ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕونكردنەوەیەكدا دەڵێت، پڕۆژەی رێگای (کەلار-سلێمانی) کە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکان و لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەت جێبەجێ دەکرێت، لە ڕۆژی 2017/12/19 لە سەردەمی کابینەی پێشووی حکومەت دەستکراوە بەکارکردن تیایدا.

دەشڵێت، هەرچەندە لە کابینەی پێشوودا تەنها یەک پێشینەی بۆ تەرخانکرا کە بڕەکەی تەنها شەش ملیار و 934 ملیۆن و 260 هەزار دینار بوو، بەڵام لەماوەی تەنها ساڵ و نیوێکی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمدا بڕی 55 ملیار و 419 ملیۆن و 842 هەزار دینار بۆ بەڵێندەر خەرجکراوە و ڕێژەی ئەنجامدراویش گەیشتوەتە (53٪).

وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە ئاشكراشیدەكات، بە نوسراوی فەرمی داوای زیاتر لە 70 ملیار دیناری دیکە بۆ بەڵێندەر و تەواوکردنی پڕۆژەکە كراوە و، وەزیری ئاوەدانکردنەوەش دڵنیایی داوەتە بەڵێندەر کە بەمنزیکانە تەرخانکراوی ساڵانە بۆ پڕۆژەکە دەستنیشان دەکرێت.

دوێنێ عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ڕێگاوبانی گەرمیان ڕایگەیاند، بۆ قۆناغی دووەمی ڕێگای کەلار- دەربەندیخان لە 2017/12/19 دەستکراوە بە کارکردن لە پرۆژەکە، “یەک ساڵ و نیو ھیچ بڕە پارە و تەمویلێک بۆ پرۆژەکە خەرجنەکراوە”.

بە وتەی ئەو بەڕێوەبەرەی ڕێگاوبانی گەرمیان، “لەئێستادا 53٪‏ی پرۆژەکە تەواوبووە، بەڵام بەھۆی خەرجنەکردنی پارەی تەرخانکراو، کارکردن لە پرۆژەکە زۆربەسستی بەڕێوەدەچێت”.

ئیدارەی گەرمیان لەسەر ڕاگرتنی پڕۆژەکە و بڕی پارەی پێویست بۆ پڕۆژەکە ئاشکرایکردووە، ئەوان 80 ملیار دیناریان بۆ تەواوکردنی لە حکومەت داواکردووە.

بابەتی پێشتر

نەتەوەیەكگرتووەكان: 12 ملیۆن هاوڵاتیی سوری لەژێر هێڵی هەژارییەوەن

بابەتی دواتر

جۆرە هندییەكەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بە جیهاندا بڵاودەبێتەوە

بابەتی پەیوەندیدار