پۆلیسی سلێمانی: تۆمەتبارێكی هەڵاتوو دەستگیركرا

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایدەگەیەنێت، لەسەر بنەمای زانیارییەكانی هێزەكانی پۆلیس، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ئازادی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان بە هاوكاریی هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر تۆمەتبارێكی هەڵاتوو دەستگیركرا.

بەپێی راگەیەندراوێكی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی كە وێنەیەكی دەست تۆڕی میدیایی ئێستا كەوتووە و تێیدا هاتووە، دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە تۆمەتبارێك لە شووقەكەی خۆیدا هێرشیكردۆتە سەری و لێیداوە و پارەكانی بردووە، لێكۆڵینەوەو بەدواداچوون لە رووداوەكە دەستیپێكرد و توانرا شوێنی تۆمەتبار دەستنیشانبكرێت، تۆمەتبار دوای رووداوەكە بەرەو شاری هەولێر هەڵاتبوو بەنیاز بووە بچێتە وڵاتی توركیا.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، دوای گرتنەبەری رێكارە یاساییەكان و وەرگرتنی بڕیاری دادوەری تایبەتمەند، مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی ئازادی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیمان بەهاوكاری هێزەكانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، توانرا تۆمەتبار لە شاری هەولێر دەستگیربكرێت.

ئاماژە بۆ ئەوەش كراوە، تۆمەتبار لەدایكبووی 1995ە و لە ئێستادا بەبڕیاری دادوەری تایبەتمەند راگیراوە و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share