“تا دوای جەژنی ڕەمەزان خوێندنی ئۆنلاین و ئەلیكترۆنی بەردەوام دەبێت”

لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە و چارەنووسی خوێندنی ئەمساڵ تاوتوێدەكات، یەكێتیی مامۆستایان پێشنیازیكردووە دەرگای خوێندنگەکان بە ڕێکاری توندی خۆپارێزییەوە بكرێنەوە، بەڵام بەپێی زانیارییەكانی تۆڕی میدیایی ئێستا، تا دوای جەژن پرۆسەی خوێندن بەمشێوەیەی ئێستا بەردەوامدەبێت.

لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی میدیایی ئێستا، مامۆستا ئەحمەد کەرکوکی بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکێتیی مامۆستایان وتی، “ئێمە دوای کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و لیژنەی پەروەردەی پەرلەمانی کوردستان، پێشنیازی کردنەوەی خوێندنگەکانمان کردووە، بەڵام بە توندکردنی ڕێکارە یاساییەکان”.

مامۆستا ئەحمەد جەختیکردەوە، بابەتی خوێندنی ئۆنلاین و ئەلیكترۆنی، کە وەک شوێنگرەوەیەک بۆ خوێندنی ناو پۆل دانرا، شکستیهێناوە، خوێندکار نەک ئامادە نابێت، بەڵکو ئامادەشبێت فێرنابێت، بۆیە پێویستە خویندنگەکان بكرێنەوە و پرۆسەی خوێندن دەستپێبکاتەوە.

بە وتەی بەرپرسی ڕاگەیاندنی یەکێتیی مامۆستایان، ژمارەی ئەو خوێندکار و مامۆستایانەی توشی کۆرۆنا بوون ئەوەندە زۆر نییە پرۆسەکەی لەسەر ڕابگیرێت، لەکاتێکدا زۆرینەی ئەو مامۆستایانەی توشبوون، مامۆستایانی خانەنشینن.

وتیشی، یەکێک لە نیگەرانییەکان ئەوەیە تاوەکو ئێستا وەزارەتەكانی تەندروستی و پەروەردە داتایەکی دروستیان نەخستووەتەڕوو لەبارەی ژمارەی ئەو مامۆستا و خوێندکارانەی لەناو ناوەندەکانی خوێندندا توشی کۆرۆنا بوون.

ئاشكراشیكرد، “ئێمە تەنها یەک پێشنیازمان خستووەتە بەردەم وەزارەتی پەروەردە و هیچ بەدیلێکیشمان دانەناوە، تەنها چارەسەریش ئەوەیە خوێندنگەکان بکرێنەوە بەشێوەی سێ ڕۆژ لە هەفتەیەکدا و بەتوندکردنی ڕێکارەکان”.

بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی ئێستا، کە لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە دەستیکەوتووە، لیژنەی باڵای ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنا ئەمڕۆ بڕیار دەدات بە مانەوەی پرۆسەی خوێندن بەمشێوەیەی ئێستا و بە ئۆنلاین و ئەلیكترۆنی، تا دوای جەژنی ڕەمەزان، دواتر بڕیاری تری لەبارەوە دەدرێت.

بابەتی پێشتر

ئەنجومەنی وەزیران لەبارەی بودجەی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە

بابەتی دواتر

بەڵگەیەکی بەهێز لەبارەی ڕێککەوتنی نێوان ئالابا و ڕیاڵ مەدرید

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share