فرانک کیسی: لە میلان من سەرۆکم و لە کۆتایی وەرزدا بڕیار لەداهاتووم دەدەم

فرانک کیسی، خۆی بە سەرۆکی یاریزانانی میلان لە قەڵەمدەدات

ئەستێرەی دیاری هەڵبژاردەی کۆتدیڤوار و یانەی ئەی سی میلان، فرانک کیسی چاوپێکەوتنێک لەگەڵ گۆڤاری “سپۆرت ویک” ئەنجامدەدات، تیایدا ئاماژە بە ژیانی تایبەتی خۆی لە کۆتدیڤوار و سەرەتاکانی ژیانی وەرزشی دەکات.

لە وەڵامەکانیدا باس لە بارودۆخی میلان و چەندین زانیاری نەبیستراو دەکات، کە ئەمەش کورتەیەکە لە چاوپێکەوتنەکە:

 

سەیر نییە، هاوڕێکانت لە میلان بە ناسناوی “سەرۆک” بانگت دەکەن؟

ناسناوەکەم بە دڵە، بۆ گاڵتەوگەپ بەو ناوە بانگم دەکەن، مادام بەو شێوەیە ناوم دەهێنن منیش بەوپەڕی تواناوە هەوڵدەدەم ئەرکەکانم ڕاپەڕێنم.

بۆ یەکەمجار کێ بەو ناوە بانگیکردیت؟

ڕۆژێکیان ئوتۆمبێلەکەم لە میلانێلۆ “ناوچەی مەشقەکانی میلان” لە جێگەی تایبەتی ئیڤان گازیدێسی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانە ڕاگرت، یەکێک لە گاردەکان کە بە “ڕامبۆ” ناویدەبەین پێی وتم: بۆ لەوێدا ئوتۆمبێلەکەت ڕاگرتووە؟ منیش پێموت دەستکاری مەکە با لەوێدا بێت، لەو ڕۆژەوە من سەرۆکم لە میلان، سەرۆکێکی تریش هەیە ناوی ئۆلیڤیە لە نوسینگەی ڕاگەیاندن.

دووبارە ئوتۆمبێلەکەت لە جێگەی گازیدێس ڕاگرتەوە؟

نەخێر، چونکە سزادەدرێم.

ستیفانۆ پیۆلی ڕاهێنەر بە “سەرۆک” ناوتدەبات؟

بەڵێ، ئەوکاتانەی یارییەکان دەبەینەوە.

 

 شاری میلان هەموو شتێک ناوازەیە، شاری مۆدەیە و خواردنیشی باشە

 

ئیبرامیمۆڤیچیش؟!

ئەویش بەو ناوە بانگم دەکات، بابەتەکە لەسەر دڵخۆشی و سەرکەوتنەکانمان وەستاوە.

ماڵدینی دەڵێت، کیسی لە دەرەوە و ناو یاریگا بووەتە سەرکردە، بە چ ڕێگەیەک گەیشتیتە ئەم ئاستە؟

ئەگەر شتێکم هەبێت بمەوێت بە هاوڕێیەکی بڵێم لەبەرچاوی ئەوانەی دیکە ئەوکارە ناکەم، چونکە دەزانم کاردانەوەیان چۆن دەبێت، دەیبەمە لایەکی یاریگاوە و بۆچوونی خۆمی بۆ ڕووندەکەمەوە، ئەگەر لەناو یاریگا ببینم کەسێک وەستاوە بانگی دەکەم و دەڵێم با بەیەکەوە ڕابکەین، پێویستە براوەبین.

کە سەیری ئاوێنە دەکەیت کێ دەبینیت؟

فرانک کیسی

فرانک کیسی کێیە؟

(بە پێکەنینەوە) سەرۆکی میلانە.

چوار ساڵە لە میلانیت، دۆخەکە چۆن دەبینیت؟

هەموو شتێک ناوازەیە، شاری مۆدە، خواردنی باشە، ئەگەر بمەوێت پارەی زۆر بەکاربخەم لە پێناو ئەو هاونیشتیمانیانەمدا دەیکەم کە پێویستیان بە یارمەتییە، ڕیکخراوێکی خێرخوازیم هەیە یاریدەی هەژاران و ئەو کەسانە دەدات کە دایک و باوکیان لەدەستداوە.

میلان چی کەمە بۆ ئەوەی ببێتەوە بە میلانی مەزن؟

بەردەوامبوون لەسەر ئەنجامە باشەکان، تەنها ئەوەندە بەس نییە یانە گەورەکان یارییەک یان دووان ببەنەوە، بەڵکو دەبێت ئەقڵیەتیان براوەبێت، دەزانم بردنەوە بە بەردەوامی ئاسان نییە و سەرەڕای ئەوەش میلان گەورەیە.

پیۆلی وتویەتی، کە سەرەتا پەیوەندی لەگەڵ تۆدا باش نەبووە، هۆکار چی بوو؟

کاتێک ڕاهێنەری نوێ دەستبەکاردەبێت لە جێبەجێکردنی بیرۆکە و پلانەکانیدا دووچاری ئاستەنگی دەبێتەوە، لەسەرەتاوە قسەمان کرد و بەردەوامبووین لە گفتوگۆکردن تاوەکو تێگەیشتم چی لە من دەوێت و لەم کارەشدا سەرکەوتوبووم.

 

بە پلەی ستەیشنیش یاریم بە میلان دەکرد، ئاسانبوو هاندەری ئەم یانەیەبیت، چونکە هەمیشە براوەبوون، کە بۆ یەکەمجار درێسی ڕۆسۆنێریم پۆشی باوەڕم بەخۆم نەدەکرد

 

گاتوسۆ داوایکردووە ئازاتر لە ئێستا دەربکەویت..

داوایلێکردم لە هەڵەکردن نەترسم، ئەوەش ئاسانبوو، چونکە پیۆلی یاریدەی پێکهاتەکەیدا و پێکهاتەکەش یاریدەی منیاندا.

جیاوازی نێوان گاسپرینی و گاتوسۆ چییە؟

گاتوسۆ زیاتر هاواردەکات و لە یاریزانانەوە نزیکترە، پەیوەندی جەستەیی لەگەڵیاندا هەیە، لە ئامێزیان دەگرێت و بۆکس دەکێشێت بە شانیاندا، دەکێشێت بە پشتەمل و سەرسنگتدا، ئەوە شێوازی گاتوسووە لە ڕاهێنانەکان، توڕەدەبێت کاتێک یاریزانێک هەڵە دەکات، لەهەموو هەڵەیەکیش خۆشنابێت.

ئەی گاسپرینی؟

لەگەڵ گاسپرینی زۆر کارمکردووە و هەرگیز ناتوانیت گاڵتەوگەپی لەگەڵدا بکەیت، کارکردن لەگەڵ ئەم ڕاهێنەرە جەنگاندنە، کە دەگەڕێیتەوە بۆ ماڵەوە هێزت نامێنێت هیچ شتێک بکەیت.

گرێبەستەکەت ساڵێکی تر لەگەڵ میلان کۆتاییدێت، نوێی دەکەیتەوە؟

ئێستا تەنها سەرنجم لەسەر یاریکردنمانە بۆ گەیشتن بە چامپیۆنزلیگ، لە کۆتایی وەرزدا لەگەڵ ئیدارەی یانە قسەدەکەین.

ڕاستە لە منداڵییەوە میلانێستا بوویت و سەرسامبوویت بە شیڤچینکۆ؟

بەڵێ، بە پلەی ستەیشنیش یاریم بە میلان دەکرد، ئاسانبوو هاندەری ئەم یانەیەبیت، چونکە هەمیشە براوەبوون، کە بۆ یەکەمجار درێسی ڕۆسۆنێریم پۆشی باوەڕم بەخۆم نەدەکرد، یاریکردن لە خولی یانە پاڵەوانەکان وەک یاریزانی میلان دەستکەوتێکی مەزن دەبێت.

لەگەڵ چالهانگلو پەیوەندییەکی توندوتۆڵت هەیە، نهێنی ئەم پەیوەندییە چییە؟

لە یەک وەرزی گواستنەوەکان پەیوەندیمان بە میلانەوە کرد، دەچمە ماڵەکەیی و ئەویش سەردانم دەکات، کەسایەتیمان لەیەکەوە نزیکە، لە زۆرینەی کاتەکانی حەوانەوە بەیەکەوە دەبین، ئەگەر کات هەبێت یان گونجاوبێت بەیەکەوە دەچێن بۆ بازاڕکردن، سەردانی بن ناسڕیش دەکەین، میتی، لیاو و سایلاماکێرس بەهەمان شێوە.

بابەتی پێشتر

"ڕاهێنەرە کەچەڵەکە" بە مەرج دەبێتە ڕاهێنەری ناپۆلی

بابەتی دواتر

بەهۆی شۆرتی کارەبا و ئاگركەوتنەوە دوو منداڵ گیانیان لەدەستدا

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share