ئیسرائیل.. دەیان کەس کە ڤاکسینی فایزەریان وەرگرتووە توشی هەوکردنی ماسولکەکانی دڵ بوون

وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل توشبوونی دەیان هاوڵاتیی وڵاتەکەی بە هەوکردنی ماسولکەکانی دڵ ڕاگەیاند، یەکێک لە ئەگەرەکانیش بۆ کوتانیان بە ڤاکسینی فایزەر دەگەڕێنێتەوە.

ناحمان ئاش، كە بەرپرسێکی ڕوبەڕوبوونەوەی کۆرۆنایە لە ئیسرائیل، ڕایگەیاند، لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریدەخەن دەیان حاڵەتی توشبوون بە هەوکردنی ماسولکەکانی دڵ لەناو ئەو پێنج ملیۆن کەسەدا تۆمارکراوە، کە ڤاکسینی فایزەریان وەرگرتووە.

ئەو بەرپرسە تەندروستییەی ئیسرائیل دەڵێت، تائێستا ڕوون نییە هۆکاری هەوكردنی ماسولكەكانی دڵ لەو كەسانەدا، ڤاکسینی فایزەرە، یان ڤایرۆسێکی دیکەیە، چونکە پێشتریش ئەو حاڵەتە لە وڵاتەکەدا هەبووە.

ئاماژە بەوەشکراوە، زۆرترین حاڵەتەکان لەو کەسانەدان، کە تەمەنیان لەسەروو 30 ساڵییەوەیە.

ئەو بەرپرسە تەندروستییەی ئیسرائیل دەڵێت، ئێستا وەزارەتی تەندروستی سەرقاڵی پشکنینە بۆ دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی دیکە، کە تووشی حاڵەتەکە بوون و هەروەها دۆزینەوەی هۆکارەکانی پشت هەوکردنی ماسولکەکانی دڵیان.

ناحمان ئاش باسی لەوەشکردووە، ئەو حاڵەتانە توشی سەرسوڕمانی کردوون، بەڵام هێشتا وەزارەتەکەیان نەگەیشتووەتە هیچ ئەنجامێک سەبارەت بە هۆکارەکەی.

وتی، “دیارکردنی ئەو كەسانەی توشی ئەو حاڵەتەبوون و هۆکارەکەشی، کارێکی قورسە، چونکە هەوکردنی ماسولکەکانی دڵ حاڵەتێکی شاراوەی بێ نیشانەیە، ئەگەری هەیە هۆکارەکەی ژمارەیەک ڤایرۆسی دیکە بن، چونکە پێشتر ئەو حاڵەتانە لە ساڵانی ڕابردووشدا تۆمارکراون”.

سەبارەت بەو حاڵەتە، بەرپرسێكی كۆمپانیای فایزەری ئەمریكی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی ئیسرائیل لە پەیوەندیی بەردەوامدان و زانیارییان هەیە لەسەر بوونی ئەو حاڵەتانە.

ڕاشیگەیاندووە، تاوەکو ئێستا هیچ بەڵگە و ئەنجامێک نییە دەریبخات ئەو حاڵەتانە هۆکارەکەیان دەگەرێتەوە بۆ کوتانی ئەو کەسانە بە ڤاکسینی فایزەر.

بابەتی پێشتر

ئاسایشی ڕۆژئاوا سوپای سوریا بە دەستپێکردنەوەی شەڕ تۆمەتبار دەکات

بابەتی دواتر

لەسەر پشتیوانی لە ڕۆژئاوای کوردستان دەمیرتاش و یوکسەکداغ دادگایی دەکرێن

بابەتی پەیوەندیدار
Total
0
Share