وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاندووە، وڵاتەكەی پێویستی بە هیچ سەربازێكی ئەمریكی و بیانی نییە.
لیوا یەحیا ڕەسول، وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق ڕایگەیاندووە، “خشتەیەك بۆ كشانەوەی هێزە بیانییەكان لە عێراق هەیە”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، “عێراق پێویستی بە هیچ سەربازێكی ئەمریكی یان بیانی نییە كە چەك هەڵبگرێت و شان بە شانی هێزە عێراقییەكان شەڕ بكات، عێراق پێویستی بە هیچ هێزێك نییە لەسەر خاكەكەی شەڕ بكات”.
یەحیا ڕەسول ئەوەشی خستوەتەڕوو، “عێراق لەگەڵ ناتۆدا كار دەكات، بە مەبەستی ڕاهێنان و دابینكردنی پێداویستییەكان بۆ فەرماندەییە سەربازییەكان، عێراق هێزی ڕاهێندراوی هەیە و دەتوانێت بەرگری لە خۆی بكات”.
ئەو وتانەی وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لەكاتێكدایە، بەدەر لە بوونی هێزەكانی ئەمریكا لەچوارچێوەی هاوپەیمانان، 3 هەزار سەربازی ئەمریكی لە عێراقدا بوونیان هەیە.